رووداو دیجیتاڵ
سوپای بەحرێن رایگەیاند، دوو سەربازی وڵاتەکەی لە ناوچەیەکی سنووری نێوان یەمەن و سعودیە "تیرۆر" کراون و حوسییەکانی یەمەنیشی بە کوشتنی سەربازەکان تۆمەتبار کرد.
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2023، سوپای بەحرێن راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، "قوربانییەکان لە کاتی ئەرکە پیرۆزەکانیان لە بەرگریکردن لە سنووری باشووری وڵات، شەهیدکراون".
لە راگەیێندراوەکەی سوپای بەحرێندا ئاماژە بەوە کراوە کە "کارە تیرۆریستییەکە" لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە کراوە. دەشڵێت: "هێرشەکە بە درۆن کراوە".
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، کەناڵی فەرمیی حوسییەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "چوار هاووڵاتیی یەمەنی لە نێو خاکی یەمەن لەسەر سنووری سعودیە لەلایەن سعودیەوە بریندار کراون".
بەحرێن یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە بوو کە سعودیە دژی حوسییەکانی یەمەن دروستی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 حوسییەکان لە سەنعای پایتەختەوە حکومەتی ئەو کاتەی یەمەنیان هەڵوەشاندەوە و خۆیان دەسەڵاتیان گرتە دەست.
کردنەدەرەوەی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن لە پایتەختی ئەو وڵاتە لەلایەن حوسییەکانی هاوپەیمانیی ئێرانەوە، وایکرد سعودیە هاوپەیمانیێکی عەرەبی لە ساڵی 2015 پێکبهێنێت و دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ لە یەمەندا بکات بۆ ئەوەی حکومەت بگەڕێنێتەوە پایتەخت.
لە ئابی 2016، هاوپەیمانێتییە عەرەبییەکە گەمارۆی ئاسمانی، وشکانی و دەریایی خستە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان و سەرەنجام فڕۆکەخانەی سەنعا لەکارخرا.
لە ئاداری ئەمساڵدا، سعودیە و حوسییەکان رێککەوتنێکی نزیکبوونەوەیان واژۆ کرد و دوای ئەوەش محەممەد ئەلجەبار، باڵیۆزی سعودیە لە یەمەن سەردانی سەنعای پایتەختی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حوسییەکان کۆبووەوە.
هەفتەی رابردوو، بەرپرسانی حوسییەکان کۆتاییان بە سەردانێکی پێنج رۆژە هێنا بۆ ریازی پایتەختی سعودیە هێنا، دواتر هەردوولا سەردانەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ