سەرۆکی ئۆرسام بۆ رووداو: ئەمریکا و تورکیا هانی گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەدەن

25-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ناوەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی (ئۆرسام)، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، قۆناخێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رۆڵی ئەمریکا دەستیپێکردووە و لەم چوارچێوەیەشدا واشنتن و ئەنقەرە هانی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەدەن.
 
قادر تەمیز، میوانی بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی رووداو بوو، لەگەڵ هێڤیدار زانا، گفتوگۆی کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کرد. هەڵسەنگاندنی بۆ مژاری کۆبوونەوەکان کرد. 
 
سەرۆکی ناوەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی (ئۆرسام)، ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکاتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەسەدە و لایەنە نزیکەکان لە ئەمریکا خوازیاری سیستمێکی لامەرکەزین کە تێیدا ئیدارە خۆجێیەکان گەرەنتی بکرێن. ئەو گوتی، "پێموایە وردە وردە لە دوو بۆچوونی جیاوازەوە بەرەو خاڵێکی هاوبەش دەڕۆن."
 
سەرۆکی ئۆرسام باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا کرد و رایگەیاند، هەرچەندە ناکۆکی لەسەر پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 و F-35 و سزاکانی کاتسا هەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتی "ئەرێنی" رووبدات.
 
راشیگەیاند، لەو قۆناغەدا ئێران لاواز بووە، ئیسرائیلیش بەهۆی سیاسەتە توندەکانییەوە لە ناوچەکەدا رەوایی لەدەستداوە. لێرەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، بەتایبەتی لە دۆسیەی سووریا، گرنگییەکی زۆریان پێدەدرێت.
 
تەمیز، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پرسی کورد لە سووریا و تورکیا لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت، نەک تووندوتیژی. هەروەها گوتی، "دینامیکیەتی پرسی کورد لە سووریا، تورکیا و عێراق جیاوازن، بەڵام هەلێکی مێژوویی رەخساوە بۆ ئەوەی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە