ئیسرائیل هێرشی زەوینیی کردە سەر غەززە

26-10-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە تانک چوونەتە نێو غەززە و چەند بنکەیەکی چەکدارانی فەلەستینیان کردووەتە ئامانج و گەڕاونەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 26-10-2023، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "سوپا بە تانک و هێزی پیادە چوونەتە نێو خاکی غەززە، چەند پێگەیەکی تیرۆریستانیان لە باکووری کەرتەکە کردووەتە ئامانج و گەڕاونەتەوە."
 
سوپای ئیسرائیل هەروەها رایگەیاند، "هێزەکانمان خۆیان بۆ قۆناخەکانی دیکەی هێرش ئامادە دەکەن." هەروەها ڤیدیۆی چەند تانکێکی داناوە، کە لە ناوچەیەک دەسووڕێنەوە، چەند شوێنێک دەکەنە ئامانج و چەند باڵەخانەیەکی رووخاویش دەردەکەون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە بێت، ئەوە بەشێکە لە ئامادەکاریی سوپا بۆ هێرشی زەوینی و پاککردنەوەی غەززە لە گرووپە چەکدارەکان. لە چالاکییەکە هێرشیان کردووەتە سەر چەند سەکۆیەکی مووشەکهاوێشتن و چەند بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی نێو غەززە.
 
رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە، ئەمە گەورەترین هێرشی زەوینییە لە غەززە."
 
هەفتەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "هێزەکانی سوپا خۆیان بۆ هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە ئامادە دەکەن." لە قسەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هیچ ئاماژەیەک بە کات و چۆنیەتی ئەو هێرشە نەکراوە.
 
سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی باکووری غەززە کردووە، باکووری کەرتەکە بەرەو باشوور بەجێبهێڵن و بەردەوامیشە لە تۆپبارانکردنی کەرتەکە بە شێوەیەکی چڕ.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 600 هەزار هاووڵاتی لە کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامیی تۆپبارانەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون و روویان لە 150 پەناگەی دروستکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتەکە کردووە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چەندین لێدواندا ئاماژەی بەوە داوە کە حەماس لەنێودەبات بۆئەوەی چیدیکە نەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر خەڵک و خاکی ژێردەستی ئیسرائیل، لەلایەکی دیکەوە گوشار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە لەبارەی خەڵکی سڤیل؛ وڵاتان داوا لە ئیسرائیل دەکەن بۆردوومانی ئەو ناوچانە نەکات کە خەڵکی سڤیل و ئاوارەی لێیە.
 
رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند. لانیکەم تائێستا 7190 کەس لە هەردوولا کوژراون و بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل 220 بارمتە لەلای حەماسن لە غەززە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە