نەتەنیاهوو: ئیسرائیل بۆ لێدانی دووژمنەکانی پێویستی بە رەزامەندیی کەس نییە

26-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا کە حکومەتی وڵاتەکەی داوای رەزامەندیی هیچ لایەنێک ناکات بۆ لێدانی ئامانجەکان لە غەززە یان لوبنان، سەرەڕای رازیبوونی بە ئاگربەست؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل بە تەنیا بڕیار دەدات کام وڵات رێگەی پێدەدرێ بەشداری لەو هێزە ئەمنییە نێودەوڵەتییەدا بکات کە بڕیارە لە غەززە جێگیر بکرێ.
 
رۆژی یەکشەممە 26-10-2025 نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆیە. ئێمە بە ئامرازی خۆمان بەرگری لە خۆمان دەکەین و بەردەوام دەبین لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان."
 
نەتەنیاهوو گوتیشی: "ئێمە بۆ ئەوە داوای رەزامەندی لە کەس ناکەین؛ ئێمە کۆنترۆڵی ئاسایشی خۆمان دەکەین."
 
لێدوانی نەتەنیاهوو دوای هەفتەیەک دێت لە سەردانی زنجیرەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکی کە هەوڵی چەسپاندنی ئاگربەستەکەی غەززەیان دەدا.
 
بەپێی ئاگربەستەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە 10-10-2025 بە نێوەندگیریی ئەمریکا کرا، چاوەڕوان دەکرێ هاوپەیمانییەک کە زۆربەی لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامی پێکدێ، هێز لە کەرتی غەززە بڵاوبکاتەوە.
 
نەتەنیاهوو کە دژی ئەوەیە هەندێک وڵات بوونیان لە هێزەکەدا هەبێ، گوتی: "سەبارەت بە هێزە نێودەوڵەتییەکان، ئێمە روونمانکردووەتەوە کە ئیسرائیل دیاری دەکات کام هێز بۆ ئێمە قبووڵکراو نییە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە