رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس 17 بارمتەی دیکەی رادەستی خاچی سوورکرد، 14 کەس لەو بارمتانە ئیسرائیلین، بەم جۆرە تائێستا حەماس 58 بارمتەی ئازادکردووە و ئیسرائیلیش لە دوو کۆمەڵەدا، 78 بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکردووە.
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کرد کە 14یان ئیسرائیلی، دوو تایلاندی و رووسییەکن."
ئەمە کۆمەڵەی سێیەمی ئازادکردنی بارمتەکانە و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد و لە کۆمەڵەی یەکەمدا حەماس 24 بارمتەی ئازادکرد و ئیسرائیلیش 39 بەندکراو. ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لەو 24 بارمتە ئازادکراوە، 13یان ئیسرائیلین، 10یان تایلاندین و یەکێکیان فلیپینییە.
پێشتر، سریتا تاڤیسین، سەرۆکوەزیرانی تایلاند رایگەیاندبوو، حەماس 12 بارمتەی تایلاندیی ئازاد کردوون و کارمەندانی کۆنسوڵخانەکەیان لە ئیسرائیل بەڕێگەوەن بۆ وەرگرتنەوەیان.
ئازادکردنی بارمتە تایلاندی و فلیپینییەکان، کە زۆرینەیان کرێکار بوون، بەشێک نەبوو لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی هەینی رایگەیاند، "بارمتە ئازادکراوەکان لەنێو خاکی ئیسرائیل پشکنینی سەرەتایی پزیشکییان بۆ کراوە،" باسی لەوەش کرد بە یاوەریی سەربازەکان دەبردرێنە نەخۆشخانە تاوەکو لەوێ بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە.
درەنگی شەوی شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، چەکدارانی حەماس دووەم کاروانی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکانیان ئازادکرد کە 17 کەس بوون. بەمجۆرە، ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان گەیشتە 41 کەس. ئیسرائیلیش لە کۆمەڵەی دووەمدا دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد.
هەردوولا بارمتە و زیندانییەکانیان لە رێگەی دەروازەی رەفەح رادەستی رێکخراوی خاچی سوور کرد.
بەرپرسانی فەلەستینی ئاشکرایان کردووە لەنێو ئەو 39 زیندانییە فەلەستینیەی ئازاد کراون، ئیسرا جەعابیسی تەمەن 38 ساڵی تێدایە، کە لەساڵی 2015 دەستگیرکراو و سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بەوەی بوتڵی گازی لە خاڵێکی پشکنینی ئیسرائیلیدا تەقاندووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر هاتووەتە ئاراوە، بڕیارە چەکدارانی حەماس 50 بارمتە ئازاد بکەن، لەبەرامبەر ئازادکردنی 150 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە.
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشە، ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، نزیکەی 15 هەزار فەلەستینی کوژراون.
بەشێکی دیکەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، ئەوەیە بڕیارە ئیسرائیل رێگەبدات هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەنە غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ