رووداو دیجیتاڵ
شاندێکى حکومەتى عێراقى بۆ تاوتێکردنى سێ دۆسیەى ئابوورى و دارایی دەچێتە تورکیا، لەوانە کردنەوەى هەژمارى بانکى دراوى بیانى بۆ بانکە عێراقییەکان و بەکارهێنانى کارتى ئەلیکترۆنى بۆ هاووڵاتییانى عێراق و گەشتیاران لە تورکیا و رێکخستنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هەردوولا وڵات لە رێگەى دەروازەى کڕین و فرۆشتنى دراوى بیانییەوە.
میدیاى فەرمى عێراقى لەسەر زارى سەرچاوەیەکى بەرپرسی حکومەتى عێراقەوە بڵاویکردەوە، سبەى دووشەممە، 27ى تشرینى دووەم، شاندێکى حکومەتى عێراق سەردانى تورکیا دەکات کە پێکھاتوون لە راوێژکارى دارایی سەرۆکوەزیران و سێ لە بەرپرسانى بانکى ناوەندى و بەڕێوەبەرى 12 بانکى عێراق، گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوە دارایی و بانکییەکانى تورکیا دەکەن.
بەگوێرەى میدیاى فەرمى عێراق، ئەو شاندە بۆ سێ دۆسیەى سەرەکى دەچنە تورکیا کە بریتین لە کردنەوەى هەژمارى حەواڵەکردنى بانکە عێراقییەکان بە دراوى جیاوازى بیانى و ئاسانکارى بەکارهێنانى کارتى ئەلیکترۆنى پارە لەلایەن ئەو گەشتیاران و ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەى لە تورکیا نیشتەجێن.
یەکێکى دیکە لەو تەوەرانەى کە بڕیارە ئەو شاندە لە تورکیا لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە باسی بکات، رێکخستنى ئاڵوگۆڕى بازرگانی نێوانیانە لە رێگەى دەروازەى کڕین و فرشتنى دراوى بیانی.
سەردانى ئەو شاندە لەکاتێکدایە، بانکى ناوەندیی عێراق دەیەوێت مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ بانکەکانى تورکیا بکات بە یۆرۆ.
قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان عێراق و تورکیا ساڵانە زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ