ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتە نزیکەی 21 هەزار کەس

26-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی غەززە نوێترین ئاماری لەبارەی ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتەکە ئاشکراکرد و رایگەیاند، زیاتر لە 20 هەزار و 915 هاووڵاتیی فەلەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، تەندروستیی غەززە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە: "تائێستا 20 هەزار و 915 کەسمان لە شەڕەکەدا شەهید بوون" و 54 هەزار و 918 کەسیش بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوونە.
 
دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لەماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە نزیکەی حەوت هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە