رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی دوو بەرپرسی باڵای حەماس، بڕیارە ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی ئازادکردنی بارمتەکان و زیندانییانی فەلەستینی بەڕێوەبچێت. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئازادکردنی بارمتەکانی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هیچیان لەبارەی زیندانییەکانەوە نەگوتووە.
رۆژی چوارشەممە، 26ی شوباتی 2025، بەرپرسێکی باڵای حەماس رایگەیاند، "نێوەندگیرەکان حەماسیان ئاگادارکردووەتەوە کە رۆژی پێنجشەممە کاروانێکی دیکە ئاڵوگۆڕ دەکرێت. حەماس و گرووپەکانی دیکەی بەرگریی چوار تەرمی بارمتەکان رادەست دەکەن و ئیسرائیلیش 600 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات."
بەرپرسێکی دیکەی حەماس رایگەیاند، رادەستکردنەوەی تەرمەکان و ئازادکردنی فەلەستینییەکان لە یەک کاتدا بەڕێوەدەچن.
رۆژی 15ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، حەماس و ئیسرائیل ئاگربەستیان کرد و رۆژی 19ی مانگ قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە. ئاگربەستەکە بۆ 40 رۆژە، تاوەکو ئێستا حەماس 25 بارمتەی ئازادکردووە و ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 100 زیندانی فەلەستینی ئازاد کردووە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، گەیشتوونەتە رێککەوتن لەگەڵ نێوەندگیرەکان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی چوار بارمتە.
هەوڵی نێوەندگیرەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ رێککەوتنیان سەبارەت بە قۆناخی دووەمی ئاگربەست بەردەوامە. بزووتنەوە فەلەستینییەکە ئامادەیی خۆی بۆ ئازادکردنی تەواوی بارمتەکان لە قۆناخی دووەمدا پیشانداوە بەو مەرجەی ئیسرائیلیش لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و گەرەنتی بەردەوامی ئاگربەستی پێبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ