رووداو دیجیتاڵ
پڕۆفیسۆرێکی کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی لە یەکێک لە پانێڵەکانی سێیەمین کۆڕبەندی هەولێرەوە رایگەیاند، ئێران و ئیسرائیل بە رێگەی جیاواز براوەی دوای هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماسن بۆ سەر ئیسرائیل.
یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی پانێڵەکە دەڵێت، دەرفەتێک بۆ دووبارە بنیاتنانەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هاتووەتە پێشەوە، ئەمەش پێویستی بە هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتانە. بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ئەو هاوئاهەنگییە بە رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان دادەنێت.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025) لە دووەمین رۆژی کۆڕبەندی هەولێردا پانێڵێک بە بەشداریی سێ پسپۆڕ و بەرپرس سەبارەت بە "گۆڕانی کەشوهەوا و تەگەرە جیۆپۆلەتیکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بەڕێوەچوو.
یەکیک لە بەشداربووان جەودەت بەهجەت، پرۆفیسۆری کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی لە سەنتەری رۆژهەڵاتی نزیک و باشووری ئاسیای زانکۆی بەرگریی نەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی بوو.
جەودەت بەهجەت سەبارەت بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا گوتی "ئیدارەی ترەمپ زۆر جیاوازە لەبەر دوو هۆکار؛ سەرۆک ترەمپ دووەمین سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکادا کە لە هەڵبژاردنێکدا شکستبهێنیت دواتر ببێتەوە سەرۆک. دووەم هۆکار ئەوەیە؛ سیستمی ئەمریکا لەسەر بنەمای رێکار و هاوسەنگیدا دامەزراوە. زۆربەی جارەکان کۆشکی سپی لەلایەن پارتێکەوە کۆنترۆڵکراوە و کۆنگرێسیش لەلایەن پارتەکەی دیکەوە کۆنترۆڵکراوە. لەو رێگەیەوە ئەوان هاوسەنگی رادەگرن."
ئەو پڕۆفیسۆرە، ئیدارەی ترەمپ بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبەستێتەوە و دەڵێت، "رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا کاردانەوەی نییە بەرامبەر بەو گۆڕانکاریانەی لە دی سیدا (واشنتن دی سی) روودەدەن، بەڵکو هۆکاریشە بۆ ئەو گۆڕانکاریانە."
ئەو بەشێکی باسەکەی تایبەت بوو بە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەت دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.
لەو بارەیەوە گوتی، پێش ئەو کات "بەشێکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیگەرانییان بەرامبەر ئێران هەبوو. زۆرجار ئەو دەنگۆ و تۆمەتانەمان دەبیستن، کە ئێران کۆنترۆڵی 4 وڵاتی عەرەبی؛ سووریا، عێراق، لوبنان و یەمەنی کردووە. پێموایە زیادەڕۆییەکی گەورە لەوەدا کراوە." بەڵام بۆ ئێستا ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، "گۆڕانی هاوسەنگیی هێز روویداوە و ئیسرائیل وەکو هێزی سەربازی یەکلاکەرەوە لە ناوچەکە دا دەردەکەوێت. بەو هۆیەوە گۆڕان لە سیاسەتدا روویدا، ئێستا وڵاتانی عەرەبی و تورکیا زیاتر نیگەرانیان بەرامبەر ئیسرائیل هەیە بەراورد بە ئێران."
جەودەت بەهجەت ئەم پرسە دەبەستێتەوە بە رابردوو و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەموو نەتەوەکان لەم ناوچەیەدا وەکو چۆن لە تەنیشت یەکەوە ژیاون، ئاواش بمێننەوە.
گوتیشی کێشەکان چارەسەر نابن تاوەکو ئیسرائیل هەست بە ئاسایش نەکات، کە "بەبێ قبووڵکردنی لەلایەن دراوسێکانییەوە" ئەمە بەدی نایەت.
بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی چاودێری لێکۆڵینەوە: ناوچەکە پێویستی بە سیاسەتی بنیاتنانەوەیە
عەبدولعەزیز ئەلغەشیان، لێکۆڵینڤانی باڵا و بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی چاودێری لێکۆڵێنەوە (ORF) بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یەکێک بوو لە بەشدارانی پانێڵەکە و زیاتر سەرنجی لەسەر بنیاتنانەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو.
ئەو دەڵێت، ناوچەکە دەرفەتێکی باشی بۆ بنیاتنانەوە هەیە، بەتایبەت لە غەززە، سووریا، لوبنان و یەمەن. گوتیشی، "پێویسیتییەکی زۆر بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچەکە هەیە. سعودیەش پێویستی بە رێکخستنەوە وبنیاتنانەوەی ئابوورییەکەی هەیە."
ئەو لێکۆڵینڤانە ئاماژەی بەوە کرد، بەو هۆیەوە "پێموایە ناوچەکە پێویستییەکی زۆری بە دیپلۆماسیەتی بنیاتنانەوە هەیە، کە خەریکە لەو ناوچەیەدا دەردەکەوێت" و، دەکرێت کەرتی تایبەت رۆڵی تایبەتی تێدا هەبێت.
ئەلغەشیان هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتان و هاوبەشیکردنیان بە هۆکارێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینێت، بەڵام ئەمەش بەبێ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکان بە مەحاڵ دادەنێت.
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە وڵاتان هەوڵی پاراستنی ژینگە لەکاتی گرژییەکاندا بدەن
حەسەن پەرتەو، بەڕێوەبەری بەرنامە لە لقی بەڕێوەبردنی دوای ململانێ و کارەساتی ژینگەیی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێک لە پانێڵیستەکانی پانێڵەکە بوو و، زۆرترین سەرنجی لەسەر هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتان بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی پرسی ژینگە.
پەرتەو دەڵێت، "پێویستە وڵاتان هەوڵی پاراستنی ژینگە لە گرژییەکان بدەن، ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی پێویستە هاوئاهەنگی بەیەکەوە لەبارەوە بکەن."
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەک، پێویستە لەلایەن یەکێک لە وڵاتانەوە داوایان لێبکرێت.
گوتیشی "یەکەم کەیسی هاوشێوە لە جەنگی کوەیت بوو لە ساڵی 1991، کاتێک زیاتر لە 600 بیرە نەوت ئاگریان تێبەردرا و تێکدران، ئەمەش ژینگەی پیسکرد و بەشێکی نەوتەکەش کەوتە نێو کەنداوەوە."
بەڕێوەبەری بەرنامە لە لقی بەڕێوەبردنی دوای ململانێ و کارەساتی ژینگەیی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی قسەکانی بەوە هێنا کە وڵاتان دەتوانن بە هاوئاهەنگی و باسکردنی کێشەکان چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان بدۆزنەوە، ئەوەش لە رێگەی هاوبەشیکردنی ئامارەکان، زانیارییەکان، پسپۆڕییەکان و تەکنەلۆژیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەمی ئاو، پیسبوونی هەوا، پیسبوونی ئاو و چارەسەرکردنی پاشەڕۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ