سوپای ئیسرائیل: 8 بنکەی "هێزی رەزوان"ی حیزبوڵڵامان لە بەعلەبەک بۆردوومان کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە هەشت بنکەی سەربازیی سەر بە یەکەیەکی تایبەتی حیزبوڵڵای لە رۆژهەڵاتی لوبنان کردووەتە ئامانج، ئەوەش سەرەڕای ئاگربەست.
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش رایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، مێردمنداڵێکی سووری کوژراوە. 
 
سوپا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەمڕۆ هەشت بنکەی سەربازیی سەر بە هێزی رەزوانـی حیزبوڵڵامان لە ناوچەی بەعلەبەک لە لوبنان بۆردوومان کرد."
 
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنی ئاگربەست هەیە، ئیسرائیل بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.
 
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر ناوچەی بیقاع بوونەتە هۆی کوژرانی مێردمنداڵێکی سووریی تەمەن 16 ساڵ و برینداربوونی کەسێکی دیکە."
 
میدیای فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، هێرشەکان ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتی گرتووەتەوە، بەتایبەت دەوروبەری شاری هیرمیل.
 
ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە تشرینی دووەمی 2024 رێککەوتنی ئاگربەستیان واژۆ کرد، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردن و دەڵێت، رێگری لە خۆڕێکخستنەوەی حیزبوڵڵا دەکات. هەفتەی رابردووش بەرپرسێکی حیزبوڵڵا رایگەیاند لە هێرشێکدا 8 ئەندامیان کوژراون. حکومەتی لوبنان و حیزبوڵڵا ئەم هێرشانە بە پێشێلکردنی ئاگربەست دەزانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە