رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی بزووتنەوەکەی بۆ ئاگربەستێکی 5 ساڵی رادەگەیێنێت. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسییش داوای گەرەنتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات و ئەندامێکی دیکەی مەکتەب سیاسییش دەڵێت، تەنیا ئاگربەستی درێژخایەنیان دەوێت.
بەرپرسێکی باڵای حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، بزووتنەوەکەی "بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و گیراوان و ئاگربەستێکی 5 ساڵی" ئامادەیە.
لێدوانەکە لە کاتێکدایە، شاندی حەماس رۆژی شەممە چووە قاهیرە و لەگەڵ بەرپرسانی میسر کۆبووەوە، ئەوەش بە مەبەستی قسەکردن لەسەر ئاگربەستێکی نوێ بۆ جەنگی غەززە.
مەحموود مەرداوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند، "گەرەنتیمان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەوێت. داگیرکار بە ئاگربەستی کاتی دەتوانێت دەست بە جەنگ بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت ئەو کارە بکات ئەگەر رێککەوتنێکی گشتگیر و گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی هەبێت."
دواتریش ئوسامە حەمدان، ئەندامێکی دیکەی مەکتەبی سیاسیی حەماس گوتی، "هەر پێشنیازێک ئاگربەستی درێژخایەنی تێدا نەبێت، پەسند نییە."
پێش کۆبوونەوەکانی رۆژی شەممە، حەماس نوێترین پێشنیازی ئیسرائیلی رەتکردبووەوە، کە پێشنیازی 45 رۆژ ئاگربەست بەرامبەر ئازادکردنی 10 بارمتە و چەکدانانی حەماس بوو. ئوسامە حەمدان گوتی، "تاوەکو داگیرکاری بەردەوام بێت، چەکی بەرەنگاربوونەوە دانانێین."
لە 19ی تشرینی دووەمی پاردا ئیسرائیل و حەماس ئاگربەستێکیان راگەیاند و بۆ دوو مانگ بەردەوام بوو، بەڵام لە 18ی ئاداری ئەم ساڵدا سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی شکاند و دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کردەوە، حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی پابەندی مەرجەکانی ئاگربەست نەبووە.
بەگوێرەی بەرپرسانی غەززە، لەو کاتەوە لانیکەم 2111 فەلەستینی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ