نێچیرڤان بارزانی: پابەندین بە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئوردن

27-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شای ئوردن کۆبووەوە و "پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێسته‌كانى شانشینی ئوردنيی هاشمی له‌ پشتگيرى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی". نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی ئێکس دا دەڵێت، "پابەندین بە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئوردن".
 
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شا عەبدوڵڵای دووەم، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-04-2025، لە عەممانی پایتەختی ئوردن کرا.
 
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسی: "شەرەفمەندم کە ئەمڕۆ لە عەممان لەگەڵ خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم کۆبوومەوە. سوپاسی خاوەنشکۆ و خەڵکی شانشینی ئوردنم کرد لە بەرامبەر پێشوازییە گەرم و میواندۆستییە مەزنەکەیان و پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان".
 
هەروەها لە پۆستەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئێمە پەیوەندییە بەهێز و مێژووییەکانی ئوردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پابەندین بە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "پته‌وكردنى زياترى پەیوەندییەکانی شانشینی ئوردنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەكانى سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا، تاوتوێ کران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دوایين پێشهاتە ناوچه‌يى و نێودەوڵەتييه‌كانى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا بيروڕايان گۆڕييه‌وه".
 
نێچیرڤان بارزانی "پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێسته‌كانى شانشینی ئوردنيی هاشمی له‌ پشتگيرى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، هه‌روه‌ها پەیوەندییە مێژوویييه‌كان و دۆستايه‌تيى نێوان هەردوولاى به‌رز نرخاند".

 

 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شا عەبدوڵڵای دووەم خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ پته‌وكردنى پەیوەندییەکان و هاوکاريی هاوبه‌ش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها داكۆكیی لە پابه‌نديى ئوردن بۆ پشتگيريى هه‌ر هەنگاوێک کرد کە ئاسايش و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ گەلانی ناوچەکە بەهێز بکات.
 
نێچیرڤان بارزانی بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە عەممان و جگە لە شای ئوردن، بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێکی دیکەش کۆببێتەوە.

 

 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شای ئوردن، نێچیرڤان بارزانی و شا عەبدوڵڵای دووەم، "جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پاراستنى سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە و باسيان له‌ چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، كرد".
 
ئەم سەردانە، راستەوخۆ دوای بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە پرسە و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس دێت. ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە بۆ ئوردن، پێشتر و لە ساڵی 2021 لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەم پێشوازیی لێکرابوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە