رووداو دیجیتاڵ
لە عەممانی پایتەختی ئوردن پێشوازییەکی گەرم و شاهانە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا و کۆشکی حوسەینییە بەوپەڕی رێکاری پرۆتۆکۆلییەوە، بۆ پێشوازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رازێندرابووەوە.
وەکو ئاماژەیەک بۆ دۆستایەتی و پەیوەندیی پتەوی نێوانیان، شا عەبدوڵڵای دووەم لە پرۆتۆکۆلی فەرمی لایدا؛ پێش ئەوەی دەرگای ئوتۆمبێلەکەی نێچیرڤان بارزانی بکرێتەوە، شا عەبدوڵڵا بەپیریەوە چوو؛ بە تەوقە و ئامێزکردن، سڵاویان لە یەکدی کرد.
دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "شەرەفمەندم ئەمڕۆ لە عەممان لەگەڵ خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم کۆبوومەوە. سوپاسی خاوەن شکۆ و خەڵکی شانشینی ئوردنم کرد لە بەرامبەر پێشوازییە گەرم و میواندۆستییە مەزنەکەیان و پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێمە پەیوەندییە بەهێز و مێژووییەکانی ئوردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پابەندین بە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، شا عەبدوڵڵای دووەم خواستى وڵاتهكهى بۆ پتهوكردنى پەیوەندییەکان و هاوکاريی هاوبهش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە، ههروهها داكۆكیی لە پابهنديى ئوردن بۆ پشتگيريى ههر هەنگاوێک کرد کە ئاسايش و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ گەلانی ناوچەکە بەهێز بکات.
فوئاد مەجالی، کۆنسووڵی گشتیی ئوردن لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمە کۆبوونەوەیەکی برایانە و گرنگ بوو، تێیدا گفتوگۆ لەسەر زۆر پرسی هەرێمی کرا. هەروەها رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کران، بۆیە ئەم سەردانە گرنگ بوو."
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە بارەگەی وەزارەتەکەی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرد. دوای نووسینی چەند دێڕێک لە پەرتووکی یادەوەریی وەزارەتەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوی ئوردن "پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانيان تاوتوێ كرد، جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی بۆ پاراستنى سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە."
د. شەنگۆل حەسیب بازرگانە و هەرێمی کوردستان بە "دەروازەیەکەی گرنگ" دادەنرێت بۆ بازاڕەکان، بەتایبەتی بۆ بازاڕی ئوردنی، بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئوردنی لە عێراق و ناردنی لەوێوە بۆ وڵاتانی دیکە.
پەیوەندیی بەهێز و مێژوویی، هەولێر و عەممان بە یەک دەبەستنەوە. بازرگانی، تەندروستی، پەروەردە و تواناسازی بەشێکن لە بوارەکانی پێکەوەکارکردنیان. بە گوتەی کۆنسووڵی ئوردن، وڵاتەکەی دەیەوێت لە بوارەکانی وەبەرهێنان و تەکنەلۆجیاشدا هاوئاهەنگییان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ