وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا: یاری بە ئاگر دەکەیت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دا، "سەرپێچییەکانی حیزبوڵڵا" لێکەوتەی کارەساتباری بۆ لوبنان دەبێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا پێشنیازی دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتی رەتکردەوە.
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا، باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن دوو کۆبوونەوەیان کرد، کە لە چەند دەیەی رابردوودا یەکەمین دیداری لەو شێوەیەیە. کۆبوونەوەی یەکەم بووە هۆی راگەیاندنی ئاگربەست لەو جەنگەی مانگی رابردوو لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەستیپێکردبوو. ئێستاش بەیرووت خۆی بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ ئامادە دەکات بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی، ئەمە لە کاتێکدایە هەردوو وڵات لە ساڵی 1948ـەوە بە فەرمی لە ململانێ و جەنگدان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، کاتس بە جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنانی گوتووە: "نەعیم قاسم یاری بە ئاگر دەکات، ئەو ئاگرەش حیزبوڵڵا و تەواوی لوبنان دەسووتێنێت." کاتس هۆشداریی ئەوەشی دا، ئەگەر حکومەتی لوبنان بەردەوام بێت لە حەشاردانی رێکخراوی "تیرۆریستیی حیزبوڵڵا" لەژێر باڵی خۆیدا، ئەوا "ئاگرەکە لوبنان دادەگرێت."
 
ئەم لێدوانانەی کاتس دوای ماوەیەکی کەم لە گوتارەکەی نەعیم قاسم هات کە تێیدا دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی بە "گوناهێکی گەورە" وەسفکردبوو. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتیشی، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان "قومار بە داهاتووی وڵاتەکەیەوە دەکات" و گوتیشی، ئیسرائیل قبووڵی ناکات ئاگربەست هەبێت و هاوکات هێرش بۆ سەر هێزەکانی و باکووری ئیسرائیل بەردەوام بێت: "دەبێت حکومەتی لوبنان دڵنیایی بدات لە چەککردنی حیزبوڵڵا، سەرەتا لە باشووری رووباری لیتانی تاوەکو (هێڵی شین) و دواتریش لە تەواوی لوبنان."
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە جۆزێف عەون رایگەیاند، ئامانج لە دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل کۆتاییهێنانە بە جەنگ لەگەڵ حیزبوڵڵا، هاوکات ئەو لایەنانەی لوبنانیان پەلکێشی ناو جەنگ کرد، بە "ناپاکی" تۆمەتبار کرد.
 
حیزبوڵڵا لە 2ـی ئادار بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل، لوبنانی خستە ناو جەنگەکەوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە