رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، سەرەڕای "دەستکەوتە سەربازییە گەورەکان"یان لە لوبنان، بەڵام هێشتا ئەرکەکەیان کۆتایی نەهاتووە؛ دەشڵێت، حیزبوڵڵا تەنیا 10٪ی توانای مووشەکیی ماوە و هەوڵی گەورە دەدەن بۆ داماڵینی تەواوەتیی چەکەکانی ئەو گرووپە.
رۆژی دووشەممە 27ی نیسانی 2026 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا باسی لە دۆخی جەنگ لە لوبنان کرد و رایگەیاند: "لە لوبناندا دەستکەوتی گەورەمان هەیە، لەوانە سیستەمی بەرگریی مووشەکی کە هەڕەشە لە هەموو وڵات دەکات و دروستکردنی تۆڕێکی ئەمنی کە رێگری لە ئەگەری داگیرکاری بۆ سەر باکووری وڵات دەکات."
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان بەردەوامن لە دروستکردنی گوشار لەسەر حیزبوڵـڵا و تەنانەت لە ناوچەکانی باکووری رووباری لیتانیش؛ گوتیشی: "ئازادیی کردارمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە راستەوخۆکانە. ئەمە ئەو رێککەوتنەیە کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان و هەروەها لەگەڵ حکومەتی لوبنانیش کردوومانە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، ئەرکەکەیان تەواو نەبووە و هێشتا دوو هەڕەشەی سەرەکیی حیزبوڵڵا ماون، کە بریتین لە مووشەک و بۆمبەکان. نەتەنیاهوو گوتی، "وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکان دەزانن کە هەوڵێکی تەکنەلۆژیی گەورە دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە. ئەگەر چالاکییە مەیدانی و تەکنەلۆژییەکان تێکەڵ بکەین، دەتوانین حیزبوڵڵا لە چەکەکانی داببڕین."
بە گوتەی نەتەنیاهوو حیزبوڵڵا تەنیا نزیکەی 10٪ی ئەو مووشەکانەی ماوە کە لە سەرەتای جەنگەکەدا هەیبوو، بەڵام هێشتا دانیشتووانی باکووری وڵاتەکەی دەترسێنن؛ هەروەها دەشڵێت، چارەسەرکردنی ئەم کێشە سەربازییانە رێگە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی خۆش دەکات.
رۆژی 2ی ئادار، حیزبوڵڵای لوبنان هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، ئەمە لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران کە لە هێرشێکی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ سەر تاران لە رۆژی 28ی شوباتدا کوژرا. دواتر، تەلئەڤیڤ بە هێرشی زەوینی و بۆردوومان وەڵامی هێرشەکەی دایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ