بەحرێن وڵاتینامە لە 69 کەس وەردەگرێتەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن رایگەیاند، بەهۆی "لایەنگریی کارە دووژمنکارییەکانی ئێران" وڵاتینامەی بەحرێنی لە 69 کەس وەرگیراوەتەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو هێرشانەی تاران لە هەفتەکانی رابردوودا وەک وەڵامێک بۆ گورزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاراستەی چەندین ناوچەی ئەو وڵاتەی کردبوو.
 
رۆژی دووشەممە 27-04-2026 وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بڕیار درا بە لێسەندنەوەی وڵاتینامەی بەحرێنی لەو کەسانەی هاوسۆزییان بۆ کارە دووژمنکارییە تاوانکارییەکانی ئێران نیشانداوە و پەسندیان کردووە، یان هاوئاهەنگییان لەگەڵ لایەنی دەرەکی کردووە." ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی وڵاتینامەیان لێ وەرگیراوەتەوە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 69 کەس، کە ئەندامانی خێزانەکانیشیان دەگرێتەوە.
 
وەزارەتەکە ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەموویان بە رەچەڵەک بەحرێنی نین. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیارەکە بە رێنمایی پاشای بەحرێن و بە پشتبەستن بە یاسای وڵاتینامەی ئەو وڵاتە دراوە، کە رێگە دەدات وڵاتینامە وەربگیرێتەوە لە هەر کەسێک کە "ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی شانشینی بەحرێن یان هەڵسوکەوتێک بکات کە دژی دڵسۆزی بێت بۆ وڵات."
 
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەحرێن، جگە لە ئامانجە سەربازییەکانی پەیوەست بە ئەمریکا، فڕۆکەخانە، دامەزراوە نەوتییەکان و ناوچەی نیشتەجێبوونیشی گرتبووەوە. تاران لەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، سەدان مووشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کردووە، بەڵام لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەست لە نێوانیاندا راگەیێندراوە.
 
پەیمانگەی بەحرێن بۆ مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی (BIRD) لەبارەی ئەم هەنگاوە رایگەیاند، ئەمە یەکەم وەرگرتنەوەی بەکۆمەڵی وڵاتینامەیە لەو وڵاتە لە ساڵی 2019ـەوە. 
 
سەید ئەحمەد وەدای، بەڕێوەبەری پەیمانگەکە گوتی: "ئەمە سەرەتای قۆناخێکی مەترسیداری سەرکوتکارییە کە کاریگەرییەکەی بۆ نەوەکانی داهاتووش دەمێنێتەوە. بێبەشکردنی تاکەکان لە وڵاتینامە، پێشێلکارییەکی زەقە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان."
 
لە کاتی جەنگەکەدا، بەحرێن دەستگیرکردنی چەندین کەسی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست" و "لایەنگریی کارە دووژمنکارییەکانی ئێران" راگەیاندبوو. هەروەها هەریەک لە کوێت، قەتەر و ئیماراتیش چەندین کەسیان بە تۆمەتی هاوشێوە دەستگیرکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە