غەززەییەکان بۆ مانەوە لە ژیان خواردنی نێو زبڵدانەکان دەخۆن

27-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
دانیشتوانی غەززە لە برسێتیی تووندا دان و خواردنی نێو زبڵدانەکان دەخۆن.
دانیشتوانی غەززە لە برسێتیی تووندا دان و خواردنی نێو زبڵدانەکان دەخۆن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

غەززەییەکان بۆ مانەوە لە ژیان لەگەڵ بۆردوومان و برسێتیی توونددا لە ململانێدان، ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت، دایكێکە لەگەڵ کچەکەی زبڵ و خاشاک هەڵدەدەنەوە بە ئومێدی ئەوەی تیکەنانێک بدۆزنەوە.
 
ئیسلام ئەبو تەعیمە دایکی پێنج منداڵە. خۆی و وەعدی کچی، بە کیسی بەتاڵەوە، زبڵدان بە زبڵدان دەگەڕێن.
 
ئیسلام ئەبو تەعیمە دەڵێت، "لە برسا دەمرین. نە نانمان هەیە نە خواردن. ئەگەر پاشماوەی زبڵدانەکان نەخۆین، دەمرین. کەس ئاوڕمان لێ ناداتەوە. چیبکەم؟"
 
بۆ ئەوان؛ ئەمە تاکە رێگەی مانەوەیە. نانی کەڕووگرتوو، سەوزەی زەردهەڵگەڕاو و پەنیری بەسەرچوو کۆدەکەنەوە.
 
هاوژینی ئەم دایکە بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل لە 2021ـەوە پەکیکەوتووە. ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراکیش بەر ناکەون و رێگە بە گەیاندنی هاوکاریش بۆ نێو کەرتەکە نادرێت.
 
ئەو ئاوارەیە باس لەوە دەکات، "برسێتی گەورەترین نەخۆشییە. گەورەترین جەنگی دەروونیی تووشی مرۆڤ بێت برسێتییە، ئەوەیە کە شکۆمەندی و مرۆڤایەتیی کەسێک لەنێوببەیت."
 
ئێستا رێکخراوێکی مشتومڕهێن بە پشتیوانیی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکهێنراوە، بە ناوی دامەزراوەی مرۆیی غەززە، بۆ ئەوەی لە بری نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە سەربەخۆکان، یارمەتییەکان بەسەر خەڵکی غەززەدا دابەش بکات.
 
رێکخراوە مرۆییەکان دەترسن ئەو رێکخراوە ئیسرائیلییە- ئەمریکییە خواردن وەک چەک لە دژی خەڵکی غەززە بەکاربێنێت، چونکە بڕیاریداوە تەنیا لە چوار شوێن، لە ژێر چاودێری سوپای ئیسرائیل و کۆمپانیای بەڵێندەری ئەمنیی ئەمریکیدا خواردنەکە دابەش بکات.
 
سێ لەو شوێنانە لە باشووری کەرتی غەززەن کە خەڵكێکی کەمی لێیە و تەنیا یەکێکی لە باکوورە. رێکخراوەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، ئەمە بەکارهێنانە خواردنە بۆ دەربەدەرکردنی زۆرەملێی خەڵکی غەززە.
 
تەنانەت بەڕێوەبەری رێکخراوەکەش دەستی لە کارکێشایەوە و گوتی رێکخراوەکە سەربەخۆ و بێلایەن نییە.
 
سام مێدنیک، شرۆڤەکارە و لەبارەی دابەشکردنی هاوکاریی بەم جۆرە ئاماژە بەوە دەکات، "رێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن ئەم شێوازە بۆ ئەوان دەست نادات و ئەمە پێشێلکردنی یاسای مرۆییە، چونکە خەڵک ناچار دەکات بۆ دەستکەوتنی یارمەتی، کۆچبکەن و لە ئەنجامدا راگواستنی زۆرەملێ دروست دەبێت. نیشانەی پرسیاری زۆر لەسەر ئەم رێکخراوە و ئەو کەسانە هەیە کە بەڕێوەی دەبەن."
 
بیانووی ئیسرائیل بۆ ئەم پلانە ئەوەیە کە نایەوێت حەماس یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خۆی ببات، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکانیش رەتیدەکەنەوە پێشتر حەماس دەستی بەسەر یارمەتییەکاندا گرتبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.