رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: فەرمان بە سەربازانی ئیسرائیل کراوە خەڵکی غەززە لە کاتی وەرگرتنی یارمەتییەکاندا بکوژن

27-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی دەڵێ، سەربازانی ئیسرائیل لە لایەن فەرماندەکانیانەوە فەرمانیان پێ کراوە، لە کاتی نۆرەگرتنی خەڵکی غەززە بۆ وەرگرتنی یارمەتییە مرۆییەکان، تەقەیان لێ بکەن و بیانکوژن. 
 
رۆژنامەی هائارتز دەڵێت، دوو ئەندامی سوپای ئیسرائیلی قسەیان بۆ کردووە و رایانگەیاندووە، ئەم مانگە، لە لایەن فەرماندەکانیانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە لە کاتی کۆبوونەوەی خەڵکی غەززە لە نزیک ناوەندەکانی وەرگرتنی خۆراک و یارمەتییەکان، تەقەیان لێ بکەن. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، دوو سەربازەکە رایانگەیاندووە لەم دوو مانگەی رابردوودا سەربازەکان بە مەبەست تەقەیان لە خەڵکی سڤیل کردووە، هەروەها باسیان لەوە کردووە کە فەرماندەکان پێیان گوتوون، بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک، تەقەیان لێ بکەن، تەنانەت ئەگەر خەڵکەکە هیچ مەترسییەکیش بۆ سەر سەربازەکان دروست نەکەن. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رێکخراوە تەندروستی و مرۆییەکان و شایەتحاڵەکان دەڵێن، دەیان کەس لە کاتی وەرگرتنی یارمەتیی مرۆیی لە نزیک ناوەندەکانی سەر بە "دامەزراوەی مرۆیی غەززە" کە ئەمریکا و ئیسرائیل پشتیوانی دەکەن، کوژراون. 
 
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، زیاتر لە 500 کەس لە کاتی وەرگرتنی یارمەتییەکان بە گوللـەی سەربازانی ئیسرائیلی کوژراون. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راپۆرتەکەی رۆژنامەی هائارتزی سەرکۆنە کرد و لە راگەیێندراوێکی هاوبەش لەگەڵ یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری رایگەیاند: "وڵاتی ئیسرائیل ئەو تۆمەتە خوێناوییە قێزەونانە رەتدەکاتەوە کە لە رۆژنامەی هائارتزدا بڵاوکراونەتەوە."
 
نەتەنیاهوو و کاتس دەڵێن: "هیچ فەرمانێک بۆ تەقەکردن لە خەڵکی سڤیل دەرنەکراوە، لەنێویشیاندا ئەوانەی لە ناوەندەکانی یارمەتییە مرۆییەکان نزیک دەبنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.