رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشێکی کردووەتە سەر بنکەیەکی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان. دەشڵێت، حیزبوڵڵا هەوڵیداوە بنکەیەکی نۆژەن بکاتەوە کە پێشتر وێران کراوە.
رۆژی هەینی، 27ـی حوزەیرانی 2025 سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشیان کردووەتە سەر "بنکەیەک کە وەک ناوەندێک بۆ بەڕێوەبردنی سیستمی هێرش و بەرگریی رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا" لە ناوچەی بوفورت لە باشووری لوبنان بەکاردەهات.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم بنکەیە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی ژێرزەمینی کە پێشتر بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە لەکارخرابوو.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، "لە رۆژانی رابردوودا، هەوڵی رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵامان بۆ نۆژەنکردنەوەی بنکەکە بەدیکردووە، بۆیە هێرش کرایە سەر ژێرخانی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا."
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "بوونی بنکەکە و هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوەی، پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو رێککەوتنانەیە کە لەنێوان ئیسرائیل و لوبناندا هەن."
سوپای ئیسرائیل هۆشداریی داوە "سوپای ئیسرائیل رێگە بە هەوڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا نادات لەو بنکەیەدا کار بکات و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ لەنێوبردنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل."
حیزبوڵڵا تاکە گرووپ بوو کە دوای کۆتاییهاتنی جهنگی نێوخۆی 15 ساڵهی لوبنان لە ساڵی 1990، دەستبەرداری چەک نەبوو، بەڵکو گوتی، ئهو چهكانه بۆ "بهرخودان"ی دژی ئیسرائیلن.
پێش ئەوەی لە تشرینی دووەمی پار ئاگربەست رابگەیێندرێت، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بۆ زیاتر لە ساڵێک هێرشیان دەکردە سەر یەکدی.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، حیزبوڵڵا دەبێت بۆ باکووری رووباری لیتانی بکشێتەوە کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە و هەموو ژێرخانێکی سەربازی لە باشووری رووبارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
رێککەوتنەکە داوا لە ئیسرائیل دەکات، هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل هێشتا لە 5 پێگە هێزەکانی هێشتووە کە بە "پێگەی ستراتیژی" ناویان دەبات.
رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لەنێوەڕاستی شوباتی ئەم ساڵ کۆتایی هات، بەڵام تاوەکو ئێستا هەردوولا دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی گەورە دژی یەکدی نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ