رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا تەرمی لانیکەم 72 کەس و 174 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان.
ئەوە لە کاتێکدایە مشتومڕێکی تووند لەسەر شێوازی دابەشکردنی هاوکارییەکان و دەستپێشخەرییەکی فریاگوزاری هەیە کە ئەمریکا پشتگیریی دارایی دەکات.
قوربانییەکان و هۆشداری لە بەدخۆراکیی منداڵان
بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی غەززە، ژمارەی کوژراوان لەدوای شکاندنی ئاگربەستی مانگی ئادار لەلایەن ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە 6 هەزار کەس و زیاتر لە 20 هەزار و 591 کەسیش برینداربوون.
کۆی گشتیی قوربانییان لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە گەیشتووەتە 56 هەزار و 331 کوژراو و 132 هەزار و 632 بریندار.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی فریاگوزاریی تەندروستیی غەززە رایگەیاند: "پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی زۆر منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیان لەدەستبدەن، ئەگەر دەستوەردانێکی جیدی نەبێ."
ئەو بەڕێوەبەرایەتیی گوتیشی، 17 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن و داوای کرد "گوشار بخرێتە سەر ئیسرائیل بۆ رێگەدان بە بردنەدەرەوەی شیری منداڵان و دەرمان."
مشتومڕ لەسەر هاوکارییەکان؛ ئەمریکا پارە دەدات
ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، یەکەمین پاڵپشتیی دارایی راستەوخۆی بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار بۆ "دەزگای مرۆیی غەززە" (GHF) پەسندکردووە کە رێکخراوێکە لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێت.
دوێنێ پێنجشەممە تۆمی پیگت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "داوا لە وڵاتانی دیکەش دەکەین پاڵپشتی GHF و کارە گرنگەکانی بکەن."
رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور (MSF) داوای راگرتنی دەستبەجێی ئەو دەستپێشخەرییەی کرد و رایگەیاند: "کوشتارگەیەکە خۆی وەک هاوکاریی مرۆیی نیشان دەدات".
رێکخراوەکە دەڵێت، ئەو شێوازە "شکۆی فەلەستینییەکان دەشکێنێت و ناچاریان دەکات لەنێوان برسێتی و خستنە مەترسیی ژیانیان بۆ بەدەستهێنانی کەمترین پێداویستی، یەکێکیان هەڵبژێرن."
نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی دیکەی بواری فریاگوزاری رەتیانکردووەتەوە لەگەڵ GHF کاربکەن، چونکە دەڵێن بنەما سەرەکییەکانی مرۆیی پێشێل دەکات بەهۆی هاوئاهەنگی نزیکی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە کۆتایی مانگی ئایارەوە نزیکەی 550 کەس لە نزیک بنکەکانی دابەشکردنی هاوکاری کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە کە حکومەتی ئیسرائیل دەڵێ، حەماس دەستی بەسەر هاوکارییەکاندا دەگرێ.
نووسینگەی راگەیاندنی غەززە گوتی، ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل باسی دەکات راست نییە و بۆ "رەوایەتیدانە بە بەردەوامیی گەمارۆکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ