رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی میسر دەڵێ، بارهەڵگرەکان دەستیان بە گواستنەوەی یارمەتی مرۆیی بۆ نێو کەرتی غەززە کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی و دوای بڵاوبوونەوەی بەدخۆراکی و مردن بە هۆی برسێتییەوە، ئیسرائیل "ئاگربەستی تەکتیکی" لە چەند شوێنێکی غەززە راگەیاند بۆ ئەوەی رێگە بە گەیشتنی خۆراک و ئاو و پێداویستییە پزیشکییەکان بدات.
کەناڵی قاهیرە نیووز لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکانی میسر لە دەروازەی رەفەحەوە دەستیان بە چوونەنێو کەرتی غەززە کرد."
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە لە تەلەگرام رایگەیاند: "لەمڕۆوە راگرتنی تەکتیکیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە مەبەستی مرۆیی لە کاژێر 10:00ی بەیانییەوە دەست پێدەکات و تاوەکو کاژێر 8:00ی ئێوارە بەردەوامە."
ئەدرەعی گوتی: "وەستانەکە لەو شوێنانە دەستپێدەکات کە تێیاندا سوپا ئۆپەراسیۆنی نییە: مەواسی، دێربەلەح و شاری غەززە. ئاگربەستەکە هەموو رۆژێک دەبێت تاوەکو کاتێکی دیکە" بڕیاری لەسەر دەدرێت.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، سوپاکە چەند رێگەیەکی سەلامەت بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکاتەوە.
ئیسرائیل لە مانگی ئادارەوە گەمارۆی تووندی خستووەتە سەر کەرتی غەززە کە بووەتەهۆی زۆربوونی بەدخۆراکی و مردنی خەڵک لە برسان.
راگەیاندنی ئاگربەستە "تەکتیکییەکە" دوای ئەوە هات کە گوشارە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر زیاد بوون.
پێش ئەوەش، ئیسرائیل رایگەیاند، لە رێگەی فڕۆکەوە هاوکاریی مرۆیی بەسەر غەززەدا بەرداوەتە خوارەوە.
سوپای ئیسرائیل شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە لە تەلەگرام رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی خستنەخوارەوەی هاوکارییەکان "بە هاوئاهەنگیی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بە سەرپەرشتیی یەکەی هاوئاهەنگیی کاروباری حکومەت ئەنجامدراوە."
راگەیێندراوەکە دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە "7 پاکێجی هاوکاریی لەخۆگرت کە ئارد، شەکر و خواردنی قتووکراویان تێدابوو."
هاوکات، بەرگریی شارستانیی فەلەستین رۆژی شەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومان و تەقەکردنی ئیسرائیل، 40 کەس لە غەززە کوژراون.
دەستبەسەرداگرتنی بەلەمی "حەنزەڵە"
نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی بەدخۆراکی لەنێو منداڵان و مەترسیی برسێتییەکی بەربڵاو لەنێو دانیشتووانی کەرتەکە کە ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە.
ئیسرائیل رایگەیاند، هێزە دەریاییەکەی دەستی بەسەر بەلەمی "حەنزەڵە"ی سەر بە هاوپەیمانیی "کەشتیگەلی ئازادی"ی لایەنگری فەلەستیندا گرتووە کە رۆژی شەممە بەرەو غەززە بەڕێکەوتبوو.
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا هاتووە: "بەلەمەکە بە سەلامەتی بەرەو کەناراوەکانی ئیسرائیل بەڕێکەوتووە و سەرجەم سەرنشینەکانی سەلامەتن."
کەشتیی "حەنزەڵە" لە هەوڵدا بوو بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی ئیسرائیل لەسەر غەززە و گەیاندنی بڕێک هاوکاریی مرۆیی بۆ فەلەستینییەکانی نێو کەرتەکە.
لەژێر گوشاری پاریس، بەرلین و لەندەن بۆ "دەستبەجێ هەڵگرتنی کۆتوبەندەکانی سەر گەیاندنی هاوکارییەکان"، سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی خستنەخوارەوەی هاوکارییەکان لە غەززە لە شەودا دەستپێدەکەنەوە و کار بۆ دروستکردنی رێڕەوی مرۆیی دەکات بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی سەلامەتی خۆراک و دەرمانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە ساڵی 2024 ئیمارات، ئوردن، فەرەنسا و وڵاتانی دیکە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی خستنەخوارەوەی یارمەتیی فریاگوزاری لە غەززە کرد، کە هەندێک جار بە مەترسیدار دادەنران و پێویستیان بە رێکاری لۆجیستیی ئاڵۆز بوو بۆ گەیاندنی بڕێکی سنوورداری هاوکاری. ئەو کات، زۆر لە بەرپرسانی مرۆیی جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمە ناتوانێت جێگرەوەی گەیاندنی هاوکاری لە رێگەی وشکانییەوە بێت.
بەریتانیا رۆژی شەممە رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی "هاوبەشەکانی وەک ئوردن" خۆی ئامادە دەکات بۆ خستنەخوارەوەی هاوکاری و بەهاناوەچوونی "ئەو منداڵانەی پێویستیان بە چاودێریی پزیشکییە."
لای خۆیەوە ئیمارات رایگەیاند، "دەستبەجێ" دەست بە ئۆپەراسیۆنەکانی خستنەخوارەوەی هاوکاری بە پەرەشووت دەکاتەوە.
لەمبارەیەوە، فیلیپ لازارینی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی فەلەستینی (ئونروا)، رۆژی شەممە رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی خستنەخوارەوەی هاوکاری لە ئاسمانەوە وەڵامدانەوەیەکی "ناکاریگەرە" بۆ ئەو کارەساتە مرۆییەی لە غەززە بەردەوامە.
لازارینی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "خستنەخوارەوەی هاوکاری لە ئاسمانەوە کۆتایی بە مەترسیی برسێتی ناهێنێت. ئەو کارە تێچووی زۆرە و ناکاریگەرە."
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوای گفتوگۆیەک لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی، عەبدولفەتاح سیسی، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ناتوانین قبووڵی بکەین خەڵک، کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵن، لە برسا بمرن."
بەرگریی شارستانی رۆژی شەممە رایگەیاند، 40 کەس کە بەشێکیان منداڵن، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە کە بەتایبەتی شاری غەززە لە باکوور، ناوچەی خان یوونس لە باشوور و کەمپی نوسەیرات لە نێوەڕاستی کەرتەکەیان کردووەتە ئامانج.
هەروەها بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کرد کە 14 کەس بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیلەوە لەکاتی چاوەڕێکردن بۆ وەرگرتنی هاوکاریی مرۆیی کوژراون. ئەمەش لە شەش رووداوی جیاوازدا لە باکوور، نێوەڕاست و باشووری کەرتەکە روویداوە، لەنێویاندا کوژرانی نۆ کەس لە یەک رووداودا لە بەرەی مۆراگ لە باشووری غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ