رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، گەیشتنی خۆراک، دەرمان و هاوکاریی مرۆیی بە شێوەیەکی بەپەلە بە خەڵکی کەرتی غەززە "مافێکی سرووشتییە" بۆ راگرتنی ئەو کارەساتە مرۆییەی "داگیرکەری نازی"، کە مەبەست لێی ئیسرائیلە، سەپاندوویەتی.
بزووتنەوەکە لە راگەیێراوێکدا دەڵێت: "پەنابردنی داگیرکەری تاوانکار بۆ خستنەخوارەوەی هەندێک هاوکاری لە ئاسمانەوە بۆ سەر ناوچەکانی کەرتی غەززە، تەنیا هەنگاوێکی رووکەشانە و فێڵبازانەیە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک، ئامانج لێی سپیکردنەوەی رووی خۆیەتی لەبەرچاوی جیهان و هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی مافەکانی گەلی فەلەستین لە هەڵگرتنی گەمارۆ و داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلە ئازادەکان بۆ راگرتنی سیاسەتی برسیکردن کە لەلایەن حکومەتی نەتەنیاهووی تیرۆریست و تاوانباری جەنگەوە بەڕێوەدەبرێت."
سوپای ئیسرائیل شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە لە تەلەگرام رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی خستنەخوارەوەی هاوکارییەکان "بە هاوئاهەنگیی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بە سەرپەرشتیی یەکەی هاوئاهەنگیی کاروباری حکومەت کراوە."
ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی و دوای بڵاوبوونەوەی بەدخۆراکی و مردن بە هۆی برسێتییەوە، سوپاکەی "ئاگربەستی تەکتیکی" لە چەند شوێنێکی غەززە راگەیاند بۆ ئەوەی رێگە بە گەیشتنی خۆراک و ئاو و پێداویستییە پزیشکییەکان بدات.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە "7 پاکێجی هاوکاریی لەخۆگرت کە ئارد، شەکر و خواردنی قتووکراویان تێدابوو." هەروەها دواتر رایگەیاند کە رۆژانە لە کاژێر 10:00 بەیانییەوە تاوەکو 8:00ی ئێوارە هێرشەکانی بۆ سەر مەواسی، شاری غەززە و دێربەلەح دەوەستێنێت و رێڕەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان لە رێگەی وشکانییەوە دەکاتەوە.
لەو بارەیەوە حەماس دەڵێت، "پلانی داگیرکەر بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی خستنەخوارەوەی هاوکاری و کۆنترۆڵکردنی ئەوەی پێی دەگوترێت 'رێڕەوی مرۆیی'، سیاسەتێکی ئاشکرایە بۆ بەڕێوەبردنی برسێتی، نەک کۆتاییهێنان پێی."
بزووتنەوەکە راشیگەیاند: "تاکە رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە تاوانی دڕندانەی برسیکردنی کەرتی غەززە، راگرتنی دەستدرێژی و شکاندنی گەمارۆ تاوانکارییەکەیە کە بەسەریدا سەپێندراوە، هەروەها کردنەوەی تەواوەتی و هەمیشەیی دەروازە وشکانییەکانە بە رووی هاوکارییە مرۆییەکاندا و دڵنیابوونە لە گەیشتنیان بە هاووڵاتیان، بەپێی ئەو میکانیزمانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسندکراون."
حەماس دەڵێت: "هەنگاوەکانی حکومەتی نەتەنیاهووی تاوانباری جەنگ بۆ سەپاندنی واقیع و میکانیزمی نامرۆڤانە بۆ کۆنترۆڵکردنی هاوکارییەکان و بەڕێوەبردنی برسێتی، کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە هەزار کەس و برینداربوونی نزیکەی 6 هەزار هاووڵاتیی سڤیل، تاوانی جەنگیی تەواوە."
حەماس جەخت لە "گرنگیی بەردەوامبوونی گوشارە فەرمی و جەماوەرییە نێودەوڵەتییەکان" دەکاتەوە "بۆ شکاندنی گەمارۆ و راگرتنی تاوانی برسیکردن و کۆمەڵکوژیی دڕندانە." دەشڵیت، "نابێت بە پڕوپاگەندە چەواشەکارانەکانی حکومەتی داگیرکەری فاشیست فریو بخۆن."
میدیای میسری رایگەیاند، رۆژی هەینی لانیکەم 117 بارهەڵگری هاوکاری لە رێگەی دەروازەی "کەرەم ئەبو سالم" و دەروازەی "زیکیم" ـەوە چوونەتە ناو غەززە.
بەپێی ئامارەکانی پێشووتری حکومەتی غەززە، کەرتەکە رۆژانە پێویستی بە لانیکەم 500 بارهەڵگری هاوکاریی فریاگوزاری، پزیشکی و خۆراکیی بەپەلە و 50 بارهەڵگر سووتەمەنی هەیە بۆ رزگارکردنی ژیانی خەڵک، لە کاتێکدا برسێتی وەک پەتایەک تەشەنەی سەندووە.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 203 هەزار کەس کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، هەروەها زیاتر لە 11 هەزار کەس بێسەروشوێنن، جگە لە سەتان هەزار ئاوارە و برسێتییەک کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر کەس کە زۆربەیان منداڵن، لەگەڵ وێرانکارییەکی گەورە و سڕینەوەی زۆربەی شار و ناوچەکانی کەرتەکە لەسەر نەخشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ