نەتەنیاهوو دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ بیانوویەکی بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە نەماوە

27-07-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ بیانوویەکی بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە و رەخنەگرتن لە حکومەتەکەی بۆ خراپیی دۆخی مرۆیی لە کەرتەکە نەماوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، لە سەردانێکیدا بۆ بنکەیەکی ئاسمانیی سوپای وڵاتەکەی لە قودس-ئۆرشەلیم لەبارەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە رایگەیاند، "رێگەی پارێزراو هەیە. هەموو کات رێگەی پارێزراو هەبووە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ فەرمییە. هیچ بیانوویەک نەماوە" بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. 
 
پێشتر چەند جارێک ئاژانسە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیلیان بە رێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە تۆمەتبار کردبوو. 
 
دوێنێ، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دەست بە بەردانەوەی یەکەم بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکەین". گوتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ ئاسانکاریی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە". 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "پێویستە بەردەوام رێگە بە گەیاندنی کەمترین هاوکاریی مرۆیی (پێویست) بە غەززە بدەین". ئاماژەی بەوەش کرد، "بەردەوام دەبین لە جەنگ و کارکردن بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەکانمان و لەنێوبردنی حەماس". 
 
سوپای ئوردن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە، سوپای ئوردن سێ ئۆپەراسیۆنی بەردانەوەی هاوکاری مرۆیی و خۆراکی بەسەر غەززەدا کرد، یەکێکیان لەگەڵ ئیمارات بوو. 
 
سوپاکە دەشڵێت، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 25 تۆن هاوکاری مرۆییان بەسەر کەرتەکەدا بەردایەوە. 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش وەڵامی دایەوە. بە گوێرەی تەندروستی غەززە، تاوەکو ئێستا 59 هەزار و 733 کەس کوژراون و 144 هەزار و 477 کەسی دیکەش بریندار بوون. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش، بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە هەزار و 139 کەس کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە