سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: 13 پڕۆژەی ئاو و ئاودێری بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا دروستدەکرێن

27-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا، 13 پڕۆژەی بەنداو و ئاودێریی دروست دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت: لە رێگەی پڕۆژەی ئاودێرییەوە هەزاران دۆنم زەویی دەژیێنینەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری دروستکردنی 3 بەنداوی گەورەی گلدانەوەی ئاوی باران و لافاو لەپارێزگاکانی نەینەوا، کەربەلا و موسەننا دراوە، کە نەخشەسازیان بۆ کراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێ کردنیان دەکرێت."
 
خالید شیمال ئاماژەی بەوەشدا، "لەرێگەی ئەو بەنداوانەوە چەندین پڕۆژەی ئاودێریی بۆ ژیاندنەوەی زەوی و زارە بە بیابانبووەکانیش دەستپێدەکرێن کە زەوییەکانی نێوان، بەغدا و بابل بە رووبەری 150 هەزار دۆنم، بەشێک لە زەوییەکانی پارێزگای موسەننا بە رووبەری 50 هەزار دۆنم، زەوییەکانی حەویجەی کەرکووک زیاتر لە 20 هەزار دۆنم، زەوییەکانی عیمارە بە رووبەری 400 هەزار دۆنم و 475 هەزار دۆنم زەویی پارێزگای زیقار لە خۆ دەگرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو گوتیشی: "سەرجەم ئەو پڕۆژانە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا دروست دەکرێن و بە بڕیاری سەرۆکوەزیران دەبێت لە زووترین کاتدا دەستپێبکرێن، جگە لەو پڕۆژانەش کە سەرچاوەکانیی ئاو سەرپەرشتیان دەکات، چەندین پڕۆژەی دیکەش هەن کە بەشێکیان لە ئەستۆی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دان کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریان لەسەر دراوە."
 
هاوکات، نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران دا 5 پڕۆژە دیاریکراون کە وەزارەتەکەیان دەبێت تەواویان بکات کە سەرجەمیان بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا دەبێت."
 
باسی لەوەشکرد، "جگە لەو پڕۆژە نوێیانە؛ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە زۆرینەی پارێزگاکان کار لەسەر 26 پڕۆژەی تایبەت بە دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ هاونیشتمانیان و ئاودێری بۆ زەوی و زارەکان دەکات، ئەم ساڵیش توانیویانە 8 پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی خاوێن تەواو بکەن."
 
رۆژی 23ـی نیسانی ئەم ساڵ، تورکیا و عێراق 26  رێککەوتن و یاداشتنامە لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد، کە شەش یاداشتنامەیان تایبەت بوون بە بوارەکانی، ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان و کشتوکاڵ.
 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەڕڤانێکی یەپەگە

هەسەدە: لە باب وەڵامی هێرشێکمان دایەوە و سێ شەڕڤانمان شەهید بوون

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، رۆژی هەینی لە ناوچەی باب لە رۆژئاوای شاری منبج، وەڵامی هێرشێكی گرووپە چەکدارەکانیان داوەتەوە و ژمارەیەک چەکداریان کوشتوون، لە ئەنجامی شەڕەکەشدا سێ شەرڤان گیانیان لەدەستداوە.