وەزارەتی دەرەوەی تایلاند: تائێستا 17 بارمتەی تایلاندی ئازادکراون و 15ـی دیکە ماون

27-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی تایلاند رایگەیاند، لە کاروانی سێیەمی ئازادکردنی بارمتەکان، سێ تایلاندی دیکە ئازادکراون. ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکانیان گەیشتە 17 کەس و بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، هێشتا 15 بارمتە ماون ئازادبکرێن.
 
رۆژی دووشەممە 27-11-2023، سرێتا ساڤیسن، وەزیری دەرەوەی تایلاند لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "دوێنێ (یەکشەممە) سێ بارمتەی دیکەی تایلاندی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران. دڵخۆشم بەمە، هەر سێ بارمتەکە لە بنکەیەکی تەندروستیی هێڵراونەتەوە و تەندروستییان جێگیرە."
 
وەزیری دەرەوەی تایلاند رایگەیاند، "بە زووترین کات کار لەسەر گەڕاندنەوەی هەر 17 بارمتە ئازادکراوەکە دەکەین، وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ خێزانی بارمتەکان لە پەیوەندیدایە."
 
لەبارەی ئەو بارمتە تایلاندییانەی هێشتا ئازادنەکراون رایگەیاند، "15 بارمتەی دیکە هێشتا ئازاد نەکراون، حکومەتی تایلاند لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی و رزگارکردنی ئەوان بە زووترین کات."
 
وەزارەتی دەرەوەی تایلاند هەروەها سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە بەشداربوون لە پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان.
 
ئازادکردنی بارمتەکان لە رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیلە کە هەردوولا بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر ئاگربەستێکیان بۆ ئازادکردنی بارمتە، بەندکراو و ناردنی هاوکاریی بۆ غەززە راگەیاند.
 
رۆژی 24-11-2023، لە کۆمەڵەی یەکەمدا حەماس 24 بارمتەی ئازادکرد کە 10یان تایلاندی بوون و ئیسرائیلیش 39 بەندکراو.
 
شەوی شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، چەکدارانی حەماس دووەم کاروانی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکانیان ئازادکرد کە 17 کەس بوون، 4یان تایلاندی بوون. بەمجۆرە، ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان گەیشتە 41 کەس. ئیسرائیلیش لە کۆمەڵەی دووەمدا دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کرد کە 14یان ئیسرائیلی، دوو تایلاندی و رووسییەکن." سوپای ئیسرائیل دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد، ئەمەش سێیەم کۆمەڵە بوو. بەم جۆرە تائێستا حەماس 58 بارمتەی ئازادکردووە و ئیسرائیلیش لە دوو کۆمەڵەدا 78 بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکردووە. 
 
ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، کۆمەڵەی سێیەم کە 39 بەندکراوی فەلەستینی لەخۆ دەگرێت ئەمڕۆ (یەکشەممە) ئازاد کران.
 
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە. لە بەرامبەر ئەو هێرشە، ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، نزیکەی 15 هەزار فەلەستینی کوژراون.
 
بەشێکی دیکەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، ئەوەیە بڕیارە ئیسرائیل رێگەبدات هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەنە غەززە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە