رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس گوتەکانی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێرانی رەتکردەوە، کە رایگەیاندبوو ئەو هێرشەی بزووتنەوەی حەماس کردیە سەر ئیسرائیل، لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی بووە.
عەمید رەمەزان شەریف، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27-12-2023) رایگەیاند "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەکردنەوە بوو کە هێزی بەرگریی فەلەستین لەدژی زایۆنییەکان ئەنجامیدا بەهۆی شەهیدکردنی لیوا (قاسم) سولەیمانی."
گوتەبێژەکەی سوپای پاسدارانی هەروەها گوتبووی قاسم سولەیمانی بۆ ماوەی 25 ساڵ بەرپرس بوو لە پێشکێشکردنی راوێژ و پاڵپشتی بە هێزی بەرگریی لە سووریا و لوبنان، "بۆیە شەهیدکردنی پاڵنەرێکی دیکەبوو بۆ درێژەپێدانی ئەو رێگەیەی رووناکی" ئەمە وەک ئاژانسی میهر بڵاویکردووەتەوە.
بزووتنەوەی حەماس هەر خێرا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا قسەکانی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رەتدەکاتەوە و دەڵێ چەندین جار هۆکار و پاڵنەرەکانی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسایان روونکردووەتەوە "کە لە پێش هەموویانەوە بەهۆی ئەو مەترسییانەن کە لەسەر مزگەوتی ئەقسا هەبوون."
بزووتنەوەکە هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی "هەموو ئەو کارانەی بەرگریی فەلەستین، وەڵامدانەوەن بۆ بوونی دوژمن و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی داگیرکەران بۆ سەر گەل و پیرۆزییەکانمان."
ئەو راگەیێندراوانە لەکاتێکدان وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، ئەمڕۆ رایگەیاند ژمارەی کوژراوانی فەلەستین لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، گەیشتووەتە 21 هەزار و 110 کەس.
بزووتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم هێرشێکی گەورەی لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە کردە سەر چەند شوێنێکی ئیسرائیل، هێرشەکەی ناونا "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" و لە رۆژی یەکەمی نزیکەی 1200 کەس لە ئیسرائیل کوژران، هەروەها نزیکەی 240 کەسیان بە بارمتەگرتن. لەوکاتەشەوە ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتەکە بەردەوامە و ئاگربەست رەتدەکاتەوە، پەیمانیشی داوە بەیەکجاری کۆتایی بە بزووتنەوەی حەماس بهێنێت.
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە 3-1-2020 لەئەنجامی هێرشێکی ئەمریکا بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە بەغدا کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ