ترەمپ لەبارەی هێرشەکەی ئوردن: ئەگەر من سەرۆک بوومایە ئەوە رووینەدەدا

28-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ هێرش دەکاتە سەر جۆ بایدن و دەڵێت، کوژرانی ئەو سێ سەربازەی ئەمریکا بەهۆی لاوازی و خۆبەدەستەوەدانی ئەوەوە بووە و ئاماژە بەوەش دەکات، جیهان لە لێواری جەنگی جیهانیی سێیەمدایە.
 
رۆژی یەکشەممە، 28-1-2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری سەرۆکایەتیی داهاتوو، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاویکردەوە، "کوژرانی ئەو سێ سەربازەی ئەمریکا لە ئەنجامی خۆبەدەستەوەدان و لاوازیی بایدنەوەیە. ئەگەر من سەرۆک بوومایە، ئەو هێرشە رووی نەدەدا."
 
راگەیێندراوەکە دوای ئەوە هات، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لەنێو خاکی ئوردن نزیک لە سنووری سووریا و لە ئەنجامدا سێ سەرباز کوژران و 25ـی دیکە برینداربوون. ئەمە یەکەمجار بوو سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هێرشی درۆن یان مووشەک لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە بکوژرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاند، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بایدندا ئێران ملیاران دۆلاری لە ئەمریکا وەرگرتووە و لە بڵاوکردنەوەی کوشتار و خوێنڕێژییدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەکاریهێناوە و گوتیشی، "ئەگەر من سەرۆک بوومایە، نە ئەو هێرشە، نە شەڕی ئۆکراینا و نە شەڕی غەززە رووینەدەدا."
 
ترەمپ هەروەها هۆشداریدا کە جیهان خەریکە پێدەنێتە نێو جەنگی جیهانیی سێیەم.
 
تائێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری دەڵێن، "ئەو هێرشە لەلایەن ئەو گرووپانەوە کراوە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن."
 
کاردانەوەکانی کوژرانی ئەو سێ سەربازە بە تایبەت لەنێو پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا زۆرە. چەند سیناتۆرێک داوایان لە بایدن کردووە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمان بکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
 
لە 17-10-2023ـەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، زیاتر لە 150 جار هێرشیان کردوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە