نەتەنیاهوو دەڵێت فڕۆکەکانی ئیسرائیل نەیانهێشت ئێران بەشار ئەسەد رزگار بکات

28-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زانیاریی نوێ لەسەر دوایین رۆژەکانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و تەقاندنەوەی پەیجەر و بێتەلەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی ئاشکرا دەکات.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، پار کە گرووپە چەکدارەکان بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەسەد دەستپێکردبوو، ئێران بە فڕۆکە هێزێکی بەهانایەوە نارد، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل رێگرییان لێکرد و ناچاریان کردن بگەڕێنەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە 27ی نیسان، لە کۆنفرانسێکدا نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد، ئێران دەیویست ئەسەد رزگار بکات، لە کاتێکدا دەیبینی کە حیزبوڵڵای لوبنانی، بەهۆی ئەو گورزانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لێی درابوون، ناتوانێت فریای هاوپەیمانەکەی بکەوێت.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "دەیانویست ئەسەد رزگار بکەن،" بۆیە ئێران ویستی "یەک دوو یەکینەی ئاسمانی بنێرێت" بۆئەوەی یارمەتیی سەرۆکە رووخێندراوەکەی سووریا بدەن.
 
بە گوتەی نەتەنیاهوو، ئەوان رێگرییان لەوە کرد، "هەندێک فڕۆکەی F-16مان ناردن بۆئەوەی رێگری لەو فڕۆکە ئێرانییانە بکەن کە دەیانویست بچنە دیمەشق. ئەوان گەڕانەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونکردنەوەی زیاتری لەو بارەیەوە نەدا.
 
لە جەنگەکەی پاییزی پاردا، ئیسرائیل سەدان پەیجەر و بێتەلی بۆمبڕێژکراوی لە لوبنان تەقاندنەوە، کە بەشێکی زۆریان لەلایەن چەکداران و ئەندامانی حیزبوڵڵاوە بەکاردەهێندران، پێش ئەوەی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی پێشووی بزووتنەوەکە بە هێرشێکی گەورەی ئاسمانی بکوژێت.
 
نەتەنیاهوو بە ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەی گوت، سەرەتا بڕیار نەبوو لەو کاتەدا ئەو ئامێرانە بتەقێندرێنەوە، بەڵام ئیسرائیل زانیاریی پێ گەیشتبوو کە حیزبوڵڵا گومانی لەلا دروستبووە و هەندێک لەو بێتەل و پەیجەرانەی ناردووەتە ئێران بۆئەوەی پشکنین و لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت. نەتەنیاهوو دەڵێت، "منیش گوتم دەی با هەر ئێستا بیانتەقێنینەوە."
 
ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە تشرینی دووەمی پار رێککەوتنێکیان بۆ وەستاندنی جەنگ واژۆکرد، بەو  شێوەیە کۆتاییان بە شەڕێک هێنا کە زیاتر لە ساڵێک بوو بەردەوامبوو.
 
وێڕای رێککەوتنەکە، ئیسرائیل چەندین لوبنانی بۆردوومان کردووە و لە چەندین شوێنی باشووری وڵاتەکە نەکشاوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە کاتی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان

لە لیبیا شەڕ دروستبوو و سەرکردەیەکی گرووپە چەکدارەکانیش کوژرا

شەڕەکە لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی تەرابڵوس و گرووپەکانی شاری میسراتە بوو کە بە دووری 200 کیلۆمەتر کەوتووەتە رۆژهەڵاتی تەرابلوس.