رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەک لەبارەى موڵکى ئەو هاووڵاتییە عێراقیانە پێکدەهێنرێت کە لە سووریا داگیرکراون بۆ ئەوەى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئەو وڵاتە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات.
دووشەممە 28ى نیسانى 2025 باڵیۆزخانەى عێراق لە سووریا بانگەوازێکى ئاراستەى رەوەندى عێراقى لەو وڵاتە لەبارەى ئەو پرسە کرد.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە: "بە تەلەفۆن زانیاریمان پێدەگات لە بارەى دەستبەسەرداگرتنى خانووى هاووڵاتییان لە دیمەشق و گوندەوارى دیمەشق".
ئەو باڵیۆزخانەیە ئاماژەى بەوەداوە، بۆ گەرەنتی داگیرنەکردنى موڵکى ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەى لیژنەیەکى یاسایی و تەکنیکى پێکهێنراوە، کە لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە و داد و دادگەکان و فەرمانگەى تۆمارى خانووبەرەى سووریا بە دواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکات.
6ـی کانوونى یەکەمى 2024 ، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، لە سووریا رووخا، زۆرینەى ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەى لە سووریا نیشتەجێبوون، دواى ئەو گۆڕانکارییە گەڕانەوە وڵاتەکەیان.
باڵیۆزخانەى عێراق لە سووریا داواى لەو عێراقیانە کردووە کە موڵکەکانیان داگیرکراوە سەردانى باڵیۆزخانەکە بکەن و چەند بەڵگەنامەیەک لەگەڵ خۆیان ببەن.
بۆ بەدواداچوونى ئەو داواکاریانەى داگیرکردنى موڵکى عێراقییەکان، پێویستە کەسى سکاڵاکار تاپۆى ئەو خانووەى پێبێت کە بەناوى خۆى یان ئەندامانى خێزانەکەى کە لە پلە یەک بێت، گرێبەستى فەرمى کە لەلایەن پارێزگاوە راستاندنى بۆ کرابێت و بیسەلمێنێت خانووەکەى بەکرێ داوە لەگەڵ بریکارنامەى خاوەنى موڵکەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ