یەکێتیی ئەورووپا سزا بەسەر سێ گرووپی چەکداریی سووریادا دەسەپێنێت

28-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا سزا بەسەر سێ گرووپی چەکداری سووریا و دوو لە فەرماندەکانی ئەو گرووپانەدا دەسەپێنێت و دەڵێت، ئەو کارەی بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و تێوەگلان لە تووندوتیژییەکانی مانگی ئاداری پارێزگاکانی رۆژئاوای سووریاوەیە. 
 
رۆژی چوارشەممە، یەکێتیی ئەورووپا سێ گرووپی چەکداری خستە نێو لیستی سزاکانییەوە کە بریتین لیوای سوڵتان سلێمان شا، فیرقەی حەمزە و فیرقەی سوڵتان موراد، ئەوەش بەهۆی رۆڵیان لەو تووندوتیژیانەی لە مانگی ئادار روویاندا و بووە هۆی کوژرانی سەتان کەس. 
 
لە مانگی ئاداردا زیاتر لە هەزار و 700 کەس لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا کوژران و زۆربەیشیان عەلەوی بوون. 
 
بە گوێرەی بڵاوکراوەی فەرمی یەکێتیی ئەورووپا، ئەو گرووپە چەکدارانە "هاووڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەتی عەلەوییەکانیان کردووەتە ئامانج و بە مەبەست و هەڕەمەکی کوشتوویانن." 
 
لەگەڵ سزادانی سەر ئەو گرووپانە، هەریەک لە محەممەد حوسێن جاسم، فەرماندەی لیوای سوڵتان سلێمان شا و سەیف ئەبوبەکر، فەرماندەی یەکەی حەمزە خرانە نێو لیستی سزاکانەوە.
 
فەرماندەی یەکەی حەمزە تۆمەتبارە بەوەی "پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤی لە سووریا کردووە، لەوانەش ئەشکەنجەدان و کوشتنی هەڕەمەکی هاووڵاتیانی مەدەنی."
 
ئەو سێ گرووپە چەکدارە تۆمەتبارن بەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا پێشێلکاریی گەورەیان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ئەنجام داوە. 
 
ئەو بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپا هەفتەیەک دوای ئەوە دێت، وڵاتانی ئەورووپا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵگرتنی سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەر سووریایان هەڵکرد، ئەوەش وەک هەوڵێکی ئەورووپییەکان بۆ هاوکارییکردنی سووریا دوای 13 ساڵ لە جەنگ و ئەو بڕیارەش ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن ئەنجوومەنی ئەورووپاوە پەسند کرا.
 
ئەو بڕیارەی ئەورووپاش لەدوای بڕیارەکەی 14ی ئەم مانگەی دۆناڵد ترەمپ دێت کە بڕیاری دا سزاکانی واشنتن لەسەر سووریا هەڵبگرێت و رۆژێک دوای ئەو بڕیارەش، لە ریازی پایتەختی سعودیە، ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە. 
 
بەرپرسانی نوێی سووریا چەندین جار داوایان لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەیان، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپا هۆشدارییان داوە کە لەروودانی هەر پێشێلکارییەک لە سووریا، دوو دڵ نابن لە سەپاندنی سزای نوێ بەتایبەت بۆ سەر ئەوانەی رۆڵیان هەیە لە پێشێلکاریی و تووندوتیژییەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە