رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
نێوەڕاستی کەرتی غەززە، غەززەییەکان شین و رۆڕۆ بۆ لەدەستدانی ئازیزێکیان دەکەن. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر کەرتەکە، لانیکەم 37 کەسیان کوشتووە کە ژمارەیەکیان منداڵن.
مەحمود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی رایگەیاند: "لانیکەم 37 کەس شەهید بوون، کە ژمارەیەک ژن و منداڵیان تێدایە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، لە ئەنجامی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل کە بە دیاریکراوی کەمپی ئاوارەکانی کردنە ئامانج."
بەسەڵ ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل بە درۆن و فڕۆکەی جەنگی، 6 هێرشی کردنە سەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، کە بوونە هۆی کوژرانی 35 کەس، کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵن.
گوتەبێژەکە باسی لەوەش کرد کە دوو کەس لە کاتی چاوەڕێکردن بۆ وەرگرتنی خۆراک و یارمەتی، لە لایەن سەربازانی ئیسرائیلییەوە تەقەیان لێ کراوە و کوژراون.
رێگرییەکانی ئیسرائیل لەبەردەم میدیاکان لە کەرتی غەززە و سەختیی گەیشتن بە هەندێک ناوچە، وایکردووە میدیاکان نەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ رووماڵی دۆخی کارەساتباری غەززە بکەن.
ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023 هێرشەکەی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد لە وەڵامی هێرشێکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.
دوای راگەیاندنی سەرکەوتن لە شەڕێکی 12 رۆژەدا دژی ئێران کە رۆژی 24ی حوزەیران بە ئاگربەست کۆتایی هات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، جارێکی دیکە سەرنجی دەخاتەوە سەر هێرشەکانی بۆسەر غەززە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 56 هەزار و 412 کەس و برینداربوونی 133 هەزار و 54 کەس، کە زۆرینەیان سڤیلن. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ئامارانە بە جێی متمانە دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ