نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین دەکات

28-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆنفرانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک، فەرەنسا و سعودیە لە رۆژی دووشەممەوە سەرکردایەتیی هەوڵەکان دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆسەی چەقبەستووی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین.
 
چەند رۆژێک پێش کۆنفرانسەکە، کە لە 28 تاوەکو 30ی تەممووز دەبەسترێت و لەلایەن ریاز و پاریسەوە هاوسەرۆکایەتی دەکرێت؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولدا بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت.
 
ریچارد گۆوان، شرۆڤەکار لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، "بڕیارەکەی پاریس گیانێکی نوێ بەبەر کۆنفرانسێکدا دەکات، کە وا دەردەکەوت چارەنووسی پەراوێزخستن بێت."
 
ئەو شرۆڤەکارە گوتیشی، "راگەیاندنەکەی ماکرۆن یارییەکە دەگۆڕێت. بەشداربووانی دیکە هەوڵدەدەن بڕیار بدەن کە ئایا ئەوانیش دەبێت نیازی خۆیان بۆ داننان بە فەلەستیندا رابگەیێنن."
 
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەفتەنامەی فەرەنسی 'لا تریبون دیمانش'، ژان-نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی، وڵاتانی دیکەی ئەورووپی لە کۆنفرانسەکەدا "نیازی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین" پشتڕاست دەکەنەوە، بێ ئەوەی ناوی وڵاتەکان ئاشکرا بکات.
 
فەرەنسا هیوادارە بەریتانیاش ئەم هەنگاوە بنێت. رۆژی هەینی زیاتر لە 220 پەرلەمانتاری بەریتانی گوشاریان خستە سەر کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆئەوەی ئەو کارە بکات، بەڵام ئەو دووپاتیکردەوە کە داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا "دەبێت بەشێک بێت لە پلانێکی فراوانتر."
 
لانیکەم 142 وڵات لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە فەرەنساش یەکێکە لەوان، ئێستا دان بەو دەوڵەتی فەلەستینەدا دەنێن کە لە ساڵی 1988 لەلایەن سەرکردایەتیی فەلەستینییەوە لە دەرەوەی وڵات راگەیێندرا.
 
لە ساڵی 1947، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا فەلەستین دابەش بکات، کە ئەوکات لەژێر داگیرکاریی بەریتانیادا بوو، بۆ دوو دەوڵەتی سەربەخۆ؛ یەکێکیان جوو (ئیسرائیل) و ئەوی دیکەیان عەرەب (فەلەستین). ساڵی دواتر، دەوڵەتی ئیسرائیل راگەیێندرا.
 
بۆ ماوەی چەندین دەیە، زۆرینەی رەهای وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیرییان لە بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەت کردووە، کە تێیدا ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بە ئاشتی و ئاسایش لەتەنیشت یەکدییەوە بژین.
 
بەڵام دوای زیاتر لە 21 مانگ لە جەنگی غەززە، داگیرکردنی زیاتری کەرتی رۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە و راگەیاندنی پلان لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە بۆ لکاندنی خاکی داگیرکراو، مەترسیی ئەوە هەیە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەڕووی جوگرافییەوە ئەستەم بێت.
 
کۆنفرانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامێکە بۆ ئەو قەیرانە مرۆییە کارەساتبارەی لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە دروستبووە و چاوەڕوان دەکرێت محەممەد مستەفا، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین و دەیان وەزیری وڵاتانی جیهان تێدا بەشدار بن.
 
بارۆ دەڵێت، کۆنفرانسەکە لە کاتێکدایە کە "هیچ کات هێندەی ئێستا ئاسۆی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین هەڕەشەی لەسەر نەبووە، یان هێندەی ئێستا پێویست نەبووە."
 
بانگەواز بۆ نواندنی ئازایەتی
 
جگە لە ئاسانکاری بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا، کۆبوونەوەکە سێ تەوەری سەرەکیی دیکەی دەبێت: چاکسازی لە دەسەڵاتی فەلەستین، چەکداماڵینی حەماس و دوورخستنەوەی لە ژیانی گشتیی فەلەستینییەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نەکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی، چاوەڕوان ناکرێت لە کۆبوونەوەکەدا هیچ رێککەوتنێکی نوێی ئاساییکردنەوە رابگەیێندرێت.
 
بەڵام بارۆ دەڵێت، "بۆ یەکەمجار، وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی حەماس دەکەن و داوای چەکداماڵینی دەکەن."
 
ریاز مەنسور، باڵیۆزی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای نواندنی "ئازایەتی" لە بەشداربووان کرد و گوتی، کۆنفرانسەکە "دەرفەتێکی بێوێنە دەڕەخسێنێت بۆ گۆڕینی یاسای نێودەوڵەتی و کۆدەنگیی نێودەوڵەتی بۆ پلانێکی جێبەجێکاری و نیشاندانی ئیرادە بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و ململانێکە بۆ هەمیشە، لە بەرژەوەندیی هەموو گەلاندا."
 
ئیسرائیل و ئەمریکا بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەن، لەکاتێکدا گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل بەردەوامن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نزیکەی دوو ساڵەی غەززە.
 
سەرەڕای "وەستانی تەکتیکی" لە هەندێک ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە راگەیێنراوە، چاوەڕوان دەکرێت کارەساتی مرۆیی لە ناوچە کەناراوییە وێرانبووەکە زاڵ بێت بەسەر گوتاری نوێنەرانی زیاتر لە 100 وڵاتدا، کاتێک لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو چوارشەممە گوتارەکانیان پێشکەش دەکەن.
 
گۆوان گوتی، پێشبینیی "رەخنەی زۆر تووند لە ئیسرائیل" دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.