وەزیرێکی ئیسرائیل: لە ئەگەری چەکدانەنانی حەماس، غەززە بلکێنرێت بە ئیسرائیلەوە

28-08-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل داوای لە حکومەت کرد، دەست بە لکاندنی بەشێک لە کەرتی غەززە بکات ئەگەر حەماس چەک دانەنێت.
 
وەزیرە راستڕۆ تووندڕۆکە، کە بە ئاشکرا دژایەتیی گەیشتن بە رێککەوتنێکی لەگەڵ حەماسدا کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، پلانی خۆی بۆ "سەرکەوتن لە غەززە تاوەکو کۆتایی ساڵ" لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە قودس/ئۆرشەلیم خستەڕوو.
 
پلانی سمۆتریچ
 
بەپێی پێشنیازەکەی سمۆتریچ، مۆڵەتێکی کۆتایی بە حەماس دەدرێت بۆ ئەوەی خۆی رادەست بکات، چەک دابنێت و ئەو بارمتانە ئازاد بکات کە هێشتا لە غەززە گیراون لە دوای هێرشەکەی ئۆکتۆبەری 2023ـی گرووپەکەوە.
 
سمۆتریچ گوتی، ئەگەر حەماس رەتی بکاتەوە، ئیسرائیل دەبێت هەموو هەفتەیەک بەشێک لە غەززە بۆ ماوەی چوار هەفتە بلکێنێت.
 
بەگوێرەی سمۆتریچ، سەرەتا بە فەلەستینییەکان دەگوترێت بەرەو باشووری غەززە بڕۆن، دواتر ئیسرائیل گەمارۆ دەخاتە سەر باکوور و نێوەڕاستی خاکەکە، بۆ شکستپێهێنانی هەر چەکدارێکی حەماس لەوێ و بە لکاندن کۆتایی پێدەهێنێت.
 
گوتیشی: "دەکرێت ئەمە لە سێ بۆ چوار مانگدا بەدیبهێنرێت."
 
لێدوانەکانی ئەو وەزیرە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە، کە گەورەترین شاری کەرتی غەززەیە، هێرشێکی گەورە دەکەن.
 
سمۆتریچ لە لێدوانەکانیدا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد، "دەستبەجێ ئەم پلانە بە تەواوی جێبەجێ بکات."
 
"ناشتنی بیرۆکەی دەوڵەتی فەلەستین"
 
سمۆتریچ یەکێکە لە ئەندامە راستڕۆ توندڕۆکانی هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری ئیسرائیل، کە پشتیوانیی خۆیان بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی جووەکان لە کەرتی غەززەدا دەربڕیوە.
 
سمۆتریچ، کە پشتیوانێکی سەرسەختی بزووتنەوەی نیشتەجێبوونە و خۆی لە کۆمەڵگەیەک لە کەرتی رۆژئاوادا دەژی، هەفتەی رابردوو رەزامەندیی لەسەر پڕۆژەیەکی گەورە لەو خاکەدا دا کە رەخنەگران دەڵێن هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتی داهاتووی فەلەستین دەکات.
 
سمۆتریچ رایگەیاندبوو، پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی ناسراو بە E1، لە رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم، مەبەست لێی "ناشتنی بیرۆکەی دەوڵەتێکی فەڵەستینییە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە