نەتەنیاهوو: گفتوگۆ لەسەر لەچەکداماڵینی باشووری سووریا دەکرێت

28-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "ئێستا گفتوگۆ دەکرێت" بۆ لەچەکداماڵینی باشووری سووریا و کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی یارمەتی بە شاری سوەیدای زۆرینە درووز. 
 
نەتەنیاهوو رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ نوێنەرانی درووزەکانی ئیسرائیل کۆبووەوە. 
 
لە ڤیدیۆیەکدا کە نووسینگەکەی بڵاوی کردووەتەوە، نەتەنیاهوو دەڵێت: "ئەم گفتوگۆیانە ئێستا دەکرێن، لەم ساتەدا دەکرێن."
 
ئەم پێشهاتانە دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بە هەبوونی گفتوگۆ لەنێوان ئیسرائیل و حکومەتی راگوزەری سووریا.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، فەرەنسا کارئاسانیی بۆ کۆبوونەوەیەک کردووە کە رۆژی 19ی ئاب لە پاریس لەنێوان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل "بە نێوەندگیریی ئەمریکا" بەڕێوەچوو؛ ئەوە دووەم کۆبوونەوەی لەو شێوەیە بوو لە پایتەختی فەرەنسا، دوای یەکەم کۆبوونەوە لە 24ی تەممووز.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی: "ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی پشتیوانیمانە بۆ دیالۆگی نێوان سووریا و ئیسرائیل و بەهێزکردنی پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش لەنێوان هەردوو وڵات، کە هۆکارێکی سەرەکیی سەقامگیریی ناوچەکەیە."
 
ئیسرائیل و سووریا دەیان ساڵە لە دۆخی جەنگدان.
 
پێشتر ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی پاریس کردبوو و روونیکردبووەوە کە تێیدا باسی "دۆسییەکانی تایبەت بە بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و باشووری سووریا" کراوە.
 
ئیسرائیل مانگی تەممووزی رابردوو لە کاتی پێکدادانی نێوان درووزەکان و هێزەکانی لایەنگری دەسەڵاتی دیمەشق، دەستوەردانی سەربازیی لە سووریا کردبوو.
 
نەتەنیاهوو رۆژی پێنجشەممە بە ژمارەیەک لە شێخەکانی تایفەی درووزی لە ئیسرائیل گوت: "ئێستا سەرنجمان لەسەر سێ خاڵە: پاراستنی تایفەی درووز لە پارێزگای سوەیدا و تەنانەت لە ناوچەکانی دیکەش؛ دروستکردنی ناوچەیەکی لەچەکداماڵراو کە لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە تاوەکو باشووری دیمەشق درێژببێتەوە و سوەیداش بگرێتەوە، هەروەها کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکاری – لە خۆراک و کەرەستەی بیناسازی و هەموو پێداویستییەک – لەگەڵ پێشکێشکردنی هاوکاریی پزیشکیی بەرفراوان."
 
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی سانا رۆژی پێنجشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە بڵاویکردەوە کە هێزە سوورییەکان رۆژی سێشەممە لە چیای مانع "دەزگای چاودێری و سیخوڕییان" دۆزیوەتەوە، گوتیشی: "لەکاتی هەوڵدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان، شوێنەکە رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بووەوە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک کەس و تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلی سەربازی."
 
ئیسرائیل ئەنجامدانی هێرشەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە گوتی، هێزەکانیان "شەو و رۆژ، لە هەر شوێنێک پێویست بکات، بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات کاردەکەن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزەکانی ئیسرائیل لە مزگەوتی ئەقسا. وێنە: Reuters

لە رەمەزاندا پۆلیسی ئیسرائیل هێزەکانی لە دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا بڵاودەکاتەوە

رۆژی دووشەممە پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزێکی زۆر لە دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا بڵاودەکەنەوە لە مانگی رەمەزاندا، کە ئەم هەفتەیە دەستپێدەکات. ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی فەلەستینی ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن، رێگری بۆ نوێژخوێنان لەو مزگەوتەدا دروستکردووە.