بایدن: کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا رێکارێکی دادپەروەرییە

28-09-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان بە "رێکارێکی دادپەروەری" ناودەبات. 
 
بایدن لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "مردنی نەسروڵڵا بە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل، رێکارێکی دادپەروەرییە بۆ ئەو خەڵکە زۆرەی لەسەر دەستی ئەو بوونەتە قوربانی، لە نێویاندا هەزاران ئەمریکی، ئیسرائیل و خەڵکی سڤیلی لوبنانی."
 
سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لە هێرشێکی ئاسمانیدا راگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنانیش دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
پێشتر، رۆژی هەینی ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردە سەر بەیرووت و دوای ئەوە ژمارەیەک سەرچاوە رایانگەیاند، لە کوژرانی حیزبوڵڵا دەکۆڵنەوە.
 
بایدن هەروەها رایدەگەیێنێت: "ئەمریکا بە تەواوی پشتیوانی لە مافی ئیسرائیل دەکات بۆ ئەوەی لە دژی حیزبوڵڵا، حەماس، حووسییەکان و هەر گرووپێکی دیکەی تیرۆرستی لاینەگری ئێران، بەرگری لە خۆی بکات."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی راسپاردووە "بۆ ئەوەی ریزەکانی بەرگریی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهێزتربکەن تاوەکو بەرپەرچی دوژمنکاری بدەنەوە و مەترسیی بەرپابوونی جەنگێکی فراوانتر کەمبکەنەوە."
 
بایدن هەروەها دەڵێت: "ئامانجمان هێورکردنەوەی ململانێیە لە غەززە و لوبنان لە رێگەی ئامرازی دیپلۆماسییەوە."
 
بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکییان گوتووە، ئیسرائیل داوای لە واشنتن کردووە رێگری لە ئێران بکات تاوەکو لە تۆڵەی کوشتنی نەسروڵڵادا، هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل. 
 
بە گوتەی ئەکسیۆس، بەرپرسانی ئەمریکی "بێهیوابوونی خۆیان" دەربڕیەوە لە بەرامبەر ئەوەی کە ئیسرائیل بێ راوێژکردن لەگەڵ ئەمریکا، هێرشەکەی رۆژی هەینیی ئەنجامداوە. 
 
ئەو بەرپرسانە هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، "ئیدارەی بایدن پشتیوانی لە کوشتنی نەسروڵڵا دەکات بەلام لە بەرامبەر شەفافنەبوونی ئیسرائیل، بێزارە."
 
هەروەها بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، لە نێوەڕاستی هێرشەکەدا بۆ سەر باشووری بەیرووت، ئیسرائیل لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) و هەواڵگریی ئەو وڵاتەی ئاگادارکردووەتەوە کە دەیانەوێت نەسروڵڵا بکوژن.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەیەک لە بەیرووتی پاتەختی لوبنان، لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل وێران بووە.

حیزبوڵڵا بە بڕی 77 ملیۆن دۆلار قەرەبووی زیانلێکەوتووانی جەنگ دەکاتەوە

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، بزوتنەوەکە 50 ملیۆن دۆلاری داوەتە زیانلێکەوتووانی شەڕی لوبنان و ئیسرائیل. دەشڵێت، قەرەبووەکە بۆ 77 ملیۆن دۆلار زیاد دەکەن.