رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا رووبەڕووی گۆشەگیریی زیاتری نێودەوڵەتی و گوشاری تووندی ناوخۆیی بووەتەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرگری لە مکوڕبوونی خۆی لەسەر "تەواوکردنی ئەرکەکە" لە غەززە دەکات.
کۆبوونەوەکە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لەگەڵ سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان، پلانێکی 21 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە ئاشکرا کرد.
رۆژی یەکشەممە 28-09-2025، ترەمپ ئاماژەی بە "شتێکی تایبەت" کرد لە گفتوگۆکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ گوتی: "ئێمە دەیکەین."
رۆژی هەینی، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو، "پێموایە رێککەوتنێکمان" لەبارەی غەززەوە هەیە، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە نەتەنیاهوو لە گوتارێکیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی "تەواوکردنی ئەرکەکە"ـی لە جەنگی دژی حەماس دابوو.
بەڵام شارەزایان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە، وا دیارە نەتەنیاهوو گۆشەگیر بووە و رووبەڕووی داواکاریی زیاتری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بووەتەوە.
ئیتان گیلبۆ، شارەزا لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە زانکۆی بارئیلانی ئیسرائیل، دەڵێت: "هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە قبووڵکردنی پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەست، لەبەرئەوەی ئەمریکا و ترەمپ تاکە هاوپەیمانی ئەون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا."
رێککەوتنێکی گشتگیر
لە ئیسرائیل، دەیان هەزار خۆپێشاندەر گوشاریان خستووەتە سەر نەتەنیاهوو بۆ رازیبوون بە ئاگربەست و رۆژی شەممە داوایان لە ترەمپ کرد کاریگەریی خۆی بەکاربهێنێت.
لیشای میران-لاڤی، هاوژینی عومری میران کە هێشتا لە غەززە بە بارمتە گیراوە، گوتی: "تاکە شت بتوانێت رێگری لەمە بکات، رێککەوتنێکی تەواو و گشتگیرە کە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و هەموو بارمتە و سەربازەکان بگەڕێنێتەوە ماڵەوە."
لاڤی رووی قسەکانی لە ترەمپ کرد و گوتی: "کاریگەریی خۆت لەگەڵ سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو بەکاربهێنە."
گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییەکەی ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوودا قووڵتر بووەوە، کاتێک وڵاتانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا و ئوسترالیا بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا.
پلانە 21 خاڵییەکەی ترەمپ
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی، پلانە 21 خاڵییەکەی ترەمپ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، ئازادکردنی بارمتەکان، کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بەرفراوان لەخۆدەگرێت.
سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان پێشوازییان لە پێشنیازەکە کردووە، بەڵام داوای راگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلیان کردووە.
خاڵەکانی دیکەی پلانەکە بۆ نەتەنیاهوو قورس دەبێت قبووڵی بکات و رەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی حکومەتە راستڕۆکەی. یەکێک لە مشتومڕاویترین خاڵەکان، بەشداریی دەسەڵاتی فەلەستینییە لە رامەڵڵا لە بەڕێوەبردنی داهاتووی غەززەدا، کە ئەمە هێڵی سوورە بۆ هاوپەیمانە تووندڕۆکانی نەتەنیاهوو.
چەند وەزیرێکی راستڕۆی تووندڕۆ لە حکومەتی نەتەنیاهوو هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتیان کردووە، ئەگەر بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی رازی بێت، یان ئەگەر کۆتایی بە جەنگ بهێنێت بەبێ لەناوبردنی حەماس.
خاڵێکی دیکەی مشتومڕاوی لە پێشنیازەکەی ئەمریکادا ئەوەیە کە کێ ئاسایشی کەرتی غەززە دەپارێزێت دوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل. پێشنیازەکە باس لە هێزێکی ئاسایشیی نێودەوڵەتی دەکات کە لە کارمەندانی فەلەستینی و سەربازانی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان پێکدێت، بەڵام وردەکارییەکانی هێشتا روون نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ