ئیسرائیل: غەززە بۆردوومان دەکرێتەوە

28-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بزووتنەوەی حەماس "شانۆگەریی" گەڕانی بەدوای پاشماوەی تەرمی بارمتەیەکی غەززەدا کردووە، کە یەکێک بوو لەو 28 تەرمەی بزووتنەوەکە بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست رازی بوو رادەستی بکاتەوە. ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئەو تەرمەی دوێنێ رادەستکراوە، بەشێکی تەرمی بارمتەیەکە کە دوو ساڵ لەمەوبەر رادەستکرابووەوە.

نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوای راوێژی ئەمنی، سەرۆکوەزیرانی "فەرمانی دەستبەجێی" بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردوومانکردنی غەززە دەرکرد.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوێنێ (دووشەممە) چەکدارانی حەماس وێنەیان گیرا کە پاشماوەی تەرمێک لە باڵەخانەیەک دەردەهێنن، کە پێشتر ئامادەکرابوو و لە نزیکەوە بەخاکی دەسپێرن." سوپاکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی درۆنی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوە وێنەی رووداوەکەیە.

گرتە ئاسمانییەکە سێ کەس نیشان دەدات کە لە باڵەخانەیەکی وێرانکراوی غەززەوە دێنە دەرەوە و شتێک هەڵدەگرن بە پارچە قوماشێکی سپی پێچراوەتەوە. پاشان ئەو کەسانە شتەکە دەخەنە ژێر خاک، دواتر بلدۆزەرێک دەڕوات و "شت"ەکە دەردەهێنێتەوە.

راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئەوەی دەرهێندراوەتەوە پاشماوەی تەرمە و دەڵێت، "حەماس نوێنەرانی خاچی سووری بانگهێشت کردووە و نمایشێکی درۆزنانەی دۆزینەوەی تەرمی بارمتەیەکی کوژراوی کردووە."

"پاشماوەی ئۆفیر تزارفاتییان رادەستکردووەتەوە"

ئیسرائیل دەڵێت، حەماس مەرجەکانی ئاگربەستەکەی شکاندووە.

حەماس رۆژی دووشەممە رایگەیاند، تەرمی 16ـیەمین بارمتەی رادەستکردووەتەوە، بەڵام پشکنینی دادپزیشکیی ئیسرائیل دەریخست کە حەماس لە راستیدا پاشماوەی بەشێکی تەرمی ئۆفیر تزارفاتی رادەستکردووە، کە  بەشەکەی دیکەی نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ ئیسرائیل گەڕێندرابووەوە.

شۆش بێدرۆسیان، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە رایگەیاند: "دەتوانم ئەمڕۆ بۆتانی پشتڕاست بکەمەوە کە دوێنێ حەماس چاڵێکی لە زەویدا هەڵکەند، پاشماوەکانی ئۆفیری تێدا دانا، دووبارە بە خۆڵ دایپۆشیەوە و رادەستی خاچی سووری کردەوە."

حەماس: ئیسرائیل بیانوو دەهێنێتەوە

حەماس دەڵێت، پابەندی مەرجەکانی ئاگربەستە، بەڵام کەرەستەی پێویستی نییە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانەوەی تەرمی بارمتەکان کە رەنگە لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا بن.

بەڵام راگەیێندراوەکەی رۆژی سێشەممەی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو کەرەستانەی حەماس داوای کردوون "بە روونی بۆ گواستنەوەی پاشماوەکان پێویست نین و بۆیە ئەم بانگەشانە نابنە بەربەست لەبەردەم گەڕاندنەوەی پاشماوەی بارمتە کوژراوەکانی دیکەدا."

حەماس رایگەیاند، ئەوە ئیسرائیل بووە کە رێگری لێکردوون بەدوای تەرمەکاندا بگەڕێن و بە دروستکردنی "بیانووی درۆزنانە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی نوێی دووژمنکارانە لە دژی گەلەکەمان" تۆمەتباری کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە