رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وێنەی لای راست: شادبوونەوەی بەندکراوێکی فەلەستینی دوای ئازادبوونی و گەیشتنەوەی بە کەسوکاری. وێنەی لای چەپ: بارمتەیەکی ئیسرائیلییە دوای ئازادکردنی
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارەم کاروانی ئازادکردندا، بەرپرسانی ئیسرائیل ئازادکردنی 33 بەندکراوی فەلەستینی و حەماسیش ئازادکردنی 11 هاووڵاتیی ئیسرائیلی راگەیاند، بەمجۆرە تائێستا حەماس 69 بارمتە و، ئیسرائیلیش 150 بەندکراوی ئازادکردووە. ئەمەش، دوای ئەوەی قەتەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی بۆ دوو رۆژی دیکە رایگەیاند.
رۆژی سێشەممە، 28-11-2023، دەسەڵاتی زیندانی ئیسرائیل رایگەیاند، 33 بەندکراوی فەلەستینییان ئازادکردووە. بزووتنەوەی حەماسیش ئازادکردنی 11 بارمتەی بە رەچەڵەک ئیسرائیلی راگەیاند. بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، بەندکراوەکان لە زیندانەکانی دامۆن، مێگیدۆ، عۆفەر، کیتزیۆت، رامۆن و نەفحە ئازادکراون.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، "بارمتە ئیسرائیلییەکان بەرەبەیانی سێشەممە گەیشتنە نەخۆشخانەی سۆراسکی لە تەلئەڤیڤ. 9 منداڵ و دوو ژن لەنێو بارمتەکاندا هەن، خێزانەکانیان چاوەڕێی بەیەکتر شادبوونەوەن."
ئەمە کۆمەڵەی چوارەمی ئازادکردنی بارمتە و بەندکراوەکانن تا ئێستا، حەماس 69 ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردووە. لە بەرامبەردا ئیسرائیل تائێستا 150 بەندکراوی ئازادکردووە کە لە هەردوولا منداڵ و ژنیان تێدان.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئەو 11 بارمتە ئازادکراوە، سێ ئیسرائیلی-فەرەنسییان لەگەڵە کە دووانیان تەمەنیان 12 ئەوی دیکەشیان 16 ساڵە. ئێمە پابەندین بە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان."
هەرچەندە ئاگربەستە چوار رۆژییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل دوێنێ (دووشەممە) کۆتاییهات، بەڵام ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئێکس رایگەیاند "قەتەر وەکو وڵاتێکی نێوەندگیر رایدەگەیێنێت، کە گەیشتووینەتە رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە".
هاوکات، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا درێژکردنەوەی ئاگربەستەی راگەیاند و گوتی "لەگەڵ برایانمان لە قەتەر و میسر گەیشتووینەتە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی شەڕەکە بەهەمان مەرجی ئاگربەستی پێشوو بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە رابگیرێت."
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد و لە کۆمەڵەی یەکەمدا حەماس 24 بارمتەی ئازادکرد و ئیسرائیلیش 39 بەندکراو.
شەوی 25ـی تشرینی دووەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس دووەم کاروانی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکانی ئازادکرد کە 17 کەس بوون. بەمجۆرە، ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان گەیشتە 41 کەس. ئیسرائیلیش لە کۆمەڵەی دووەمدا دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد.
رۆژی 26-11-2023، لە سێیەم رۆژی ئاگربەستەکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کرد کە 14ـیان ئیسرائیلی، دوو تایلاندی و رووسییەکن." سوپای ئیسرائیل دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد، ئەمەش سێیەم کۆمەڵە بوو.
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشە، ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، نزیکەی 16 هەزار فەلەستینی کوژراون.
بەشێکی دیکەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، ئەوەیە بڕیارە ئیسرائیل رێگەبدات هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەنە غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ