حکومەتی عێراق داوای راگرتنی تووندوتیژییەکان لە ناوچەکە دەکات

29-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژى حکومەتى عێراق سەرکۆنەى ئاڵۆزبوونى دۆخەکە لە ناوچەکە دەکات، بەو هێرشەوە کە کرایە سەر بنکەیەکى هێزەکانى ئەمریکا لە ئوردن و دەڵێت، "ئەو پێشهاتانە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى دروست دەکەن." 
 
29ـی کانوونى دووەمى 2024، باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، "سەرکۆنەى ئاڵۆزبوونى بەردەوام دەکەین، بە تایبەت ئەو هێرشەى دوایی کە لە سنوورى سووریا- ئوردن روویدا."
 
باسم عەوادى لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بە نیگەرانییەکى زۆرەوە چاودێرى پێشهاتە مەترسیدارەکانى ناوچەکە دەکەین."
 
دوێنێ یەکشەممە 28ـی کانوونى دووەمى 2024، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لەنێو خاکی ئوردن نزیک لە سنووری سووریا و لە ئەنجامدا سێ سەربازى ئەمریکى کوژران و 25ـی دیکە برینداربوون.
 
گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، لە کاتێدا عێراق داوا دەکات تووندوتیژى رابگیرێت، جەختیش لە ئامادەیی دەکاتەوە بۆ کارکردن لەسەر مامەڵەیەک کە ناوچەکە لە پێشهاتى زیاتر دوور بخاتەوە و دۆخەکە چارەسەر بکات، بێ فروانبوونى بازنەى ململانێکان.
 
باسم عەوداى هۆشداریدا لە کاریگەرییەکانى ئەو پێشهاتانە و دەڵێت، بەشێوەیەکن کە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتى و ئاسایشى ناوچەکە و نێودەوڵەتى دروست دەکەن و هەوڵەکانى بنبڕکردنى تیرۆر و مادەى هۆشبەریش پەک دەخەن و بازرگانى و ئابوورى و گەیاندنى وزەش رووبەڕووی ئاستەنگ دەکەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە