نیوزیلاند بزووتنەوەی حەماسی خستە لیستی تیرۆرەوە

29-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند بڕیاریدا بزووتنەوەی حەماس بخاتە "لیستی تیرۆر"ـەوە و راشیگەیاند: "ئەمە کاریگەریی لەسەر خەڵکی فەلەستین و هاوکارییە مرۆییەکان نابێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 29-02-2024، حکومەتی نیوزیلاند رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماسیان بە باڵی سیاسی و سەربازییەوە "خستووەتە لیستی تیرۆرەوە."
 
کریستۆفەر لوکسۆن، سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند رایگەیاند: "رێکخراوەکە [حەماس] بەرپرسیارێتیی هێرشە تیرۆریستییەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر [بۆ سەر ئیسرائیل] لە ئەستۆ دەگرێت."
 
لوکسۆن هەروەها گوتی: "ئەو هێرشانە دڕندانە بوون و ئێمەش بە روونی سەرکۆنەمان کرد."
 
پێشتر نیوزیلاند لە 2010 کەتیبەکانی عیزەدەین قەسام، باڵی سەربازیی حەماسی خستبووە ئەو لیستەوە، بەڵام بڕیارەکەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) هەموو بزووتنەوەی حەماس دەگرێتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئەو بڕیارە "فەلەستینییەکانی غەززە و جیهان ناگرێتەوە و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە بەردەوام دەبن."
 
ئەلێکساندەر گلیسپای، پرۆفیسۆرێکی یاساییە و دەڵێت: "نیوزیلاند باڵی سیاسیی حەماسی نەخستبووە لیستی تیرۆرەوە، چونکە بڕوای بەوە هەبوو لە داهاتوودا دەرفەتی گفتوگۆی ئاشتییانە هەبێت."
 
ئەو پڕۆفیسۆرە باسی ئەوەی کرد، ئەو بڕیارەی نیوزیلاند لەوانەیە کاریگەری بخاتە سەر یارمەتییە مرۆییەکان، "بەڵام کاریگەرییەکان بچووک دەبن."
 
سیاسییە چەپەکانی نیوزیلاند رەخنەیان لەو بڕیارە گرتووە و دەڵێن دەبێت سوپای ئیسرائیلیش بخرێتە هەمان لیستەوە چونکە "30 هەزار کەسیان لە غەززە کوشتووە."
 
لەلایەکی دیکە، نیوزیلاند ئەوەشی خستەڕوو، کە سزایان خستووەتە سەر چەند جوویەکی هاوردەی فەلەستین کە پشێویان ناوەتەوە و تووندوتیژیان کردووە.
 
وینستن پیتەرس، وەزیری دەرەوەی نیوزیلاند رایگەیاند: "ئەوانەی سزایان خراوەتە سەر ناتوانن گەشتی نیوزیلاند بکەن."
 
تائێستا بزووتنەوەی حەماس لەلایەن چەندین وڵاتەوە خراوەتە لیستی تیرۆروە؛ لەوانەش: بەریتانیا، کەنەدا، ئوستراڵیا، پاراگوای، ژاپۆن، ئیسرائیل و یەکێتیی ئەوروپا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە