ئیسرائیل کوشتنی بەرپرسێکی حیزبوڵڵا رادەگەیێنێت

29-03-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشێکدا توانیویانە جێگری سەرکردەی یەکەیەکی رۆکێت هاوێشتنی حیزبوڵڵای لوبنان بکوژن.
 
حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە ناوبەناو لە باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر یەک.
 
ئەمڕۆ هەینی، میدیای حکومەتی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە ناوچەی سووری باشووری لوبنان دووژمن ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و لانیکەم کەسێک کوژرا."
 
سەرچاوەیەکی ناونەهێندراو لە سوپای لوبنان رایگەیاند، ئەو کەسەی کوژراوە بەرپرسێکی حیزبوڵڵای لوبنانە.
 
هەرچی سوپای ئیسرائیلە دەڵێت، "لە هێرشەکەدا عەلی عەبدولحەسەن نەعیم، جێگری سەرکردەی یەکەیەکی رۆکێت هاوێشتن کوژراوە کە یەکێک بوو لە بەرپرسانی هێزی چەکی قورس و مووشەک و بەرپرسیار بوو لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی ئیسرائیلی".
 
حیزبوڵڵاش لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، حەوت چەکداریان کوژراون و یەکێک لەوان ناوی نەعیمـە.
 
ئەم هێرشەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە سووریا ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵڵا کوژران.
 
ئاژانسی هەواڵیی سووریا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر پارێزگای حەلەب و سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریاش دەڵێن، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی 42 کەس؛ شەش چەکداری حیزبوڵڵا و 36 چەکداری سەر بە حکومەتی سووریا.
 
حیزبوڵڵا خۆی بە هاوپەیمانی حەماس دەزانێت و دەڵێت، "هێرشەکانمان پاڵپشتییە بۆ حەماس."
 
دوێنێ کۆشکی سپی داوای لە ئیسرائیل و لوبنان کرد "هێنانە کایەی ئارامی کاری لە پێشینەتان بێت."
 
شەڕی سەر سنووری حیزبوڵڵا و ئیسرائیل تا ئێستا کوژرانی 347 هاووڵاتی لوبنانی لێ کەوتووەتەوە کە زۆرینەیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی هەزاران کەس.
 
هەرچی لەبارەی باکووری ئیسرائیلە، سوپا دەڵێت، 10 سەرباز و هەشت سڤیل کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەیەک لە بەیرووتی پاتەختی لوبنان، لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل وێران بووە.

حیزبوڵڵا بە بڕی 77 ملیۆن دۆلار قەرەبووی زیانلێکەوتووانی جەنگ دەکاتەوە

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، بزوتنەوەکە 50 ملیۆن دۆلاری داوەتە زیانلێکەوتووانی شەڕی لوبنان و ئیسرائیل. دەشڵێت، قەرەبووەکە بۆ 77 ملیۆن دۆلار زیاد دەکەن.