رووداو دیجیتاڵ
بزوونتەوەی حەماسی فەلەستین رایگەیاند، ئەو پێشنیازە ئەمریکییەی کە ئیسرائیل بۆ وەستاندنی جەنگی غەززە پێی رازیبووە، لە ئاستی داواکارییەکانی ئەوان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا رەتیان نەکردووەتەوە، بەڵکو خوێندنەوەی بۆ دەکەن و وەڵامی دەدەنەوە.
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "وەڵامی داگیرکار لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە پشتیوانی لە داگیرکاری و درێژەدان بە کوشتن و برسیکردن دەکات" لەو ماوە کاتییەی کە ئاگربەستی تێدا رادەگەیێنرێت، "هیچ داواکارییەکی گەلەکەمان جێبەجێ ناکات، لە سەرووی هەمووشیانەوە وەستاندنی جەنگ و برسیکردن."
بەڵام دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەدا، سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەمان بەوپەڕی بەرپرسیارێتیی مێژوویەوە خوێندنەوە بۆ پێشنیازەکە دەکات بۆ ئەوەی وەڵامی بداتەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ ئاگربەستی غەززە پەسندکردووە و گفتوگۆ لەگەڵ حەماس "بەردەوامە" بۆ ئەوەی بە پلانەکە رازیبێت.
کارۆلاین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گوتی: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و سەرۆک پێشنیازێکی ئاگربەستیان پێشکێش بە حەماس کردووە، کە ئیسرائیل پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕیوە. پێش ئەوەی بۆ حەماس بنێردرێت، ئیسرائیل ئەم پێشنیازەی واژۆکردووە."
لێڤیت بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامن و هیوادارین ئاگربەستێک لە غەززە رووبدات بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بارمتەکان بگەڕێنینەوە ماڵەوە."
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە هێشتا حەماس وەڵامی پێشنیازەکەی نەداوەتەوە.
برووس بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئاگادار نین حەماس پەسندی کردبێت، بەڵام پێمانوایە ئومێدێکی بەرچاوی تێدایە."
برووس، گوتی: "هەندێک گەشبینی هەیە، هەندێک گەشبینیی گرنگ."
لێڤیت رەتیکردەوە ئەو راپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە کە لە میدیاکانی سعودیە و ئیسرائیلدا هاتوون سەبارەت بەوەی هەردوو لا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی ئاگربەستی 60 رۆژە و ترەمپ، ئامادەیە هەواڵێک رابگەیێنێت.
لێڤیت گوتی: "ئەگەر هەواڵێک بۆ بڵاوکردنەوە هەبێت، ئەوا لە کۆشکی سپییەوە دێت، لەلایەن سەرۆک، یان لە لایەن خۆمەوە، یان لە لایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ