بەهۆی گەرماوە 4000 حاجی لە نەخۆشخانەکانی سعودیە خەوێندراون

29-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، شەپۆلی گەرما کاریگەریی لەسەر بەجێهێنانی ئەرکی حاجییانی ئەمساڵ هەبووە و بووەتە بەربەست لەوەی کە حاجییان نەتوانن وەکو پێویست ئەرکەکانیان بەجێبهێنن. ئاشکراشی کردووە، ژمارەی ئەو حاجییانەی بەهۆی گەرماوە لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون گەیشتووەتە 4000 حاجی.
 
رۆژی چوارشەممە 28ی حوزەیرانی 2023 د. محەمەد عەبدولعەلی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، "زیاتر لە 4000 حاجی بەهۆی گەرماوە لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون."
 
رۆژی سێشەممە 27-06-2023 حاجییانی ئەمساڵ لە سعودیە لەژێر پلەی گەرمای 45 پلەی سیلیزیدا لەسەر چیای عەرەفە مانەوە و ئەرکە ئایینییەکەیان بەجێگەیاند.
 
بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە، وەزارەتی تەندروستیی سعودیە داوای لە حاجییان کرد جانتاکانیان لە هۆتێلەکان بەجێبهێڵن.
 
کەشوهەوای سعودیە و زۆریی ژمارەی حاجییان، کاریگەریی لەسەر بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان هەیە و حکومەت ناچار بووە هەزاران کارمەندی تەندروستی لەنێو حاجییان بڵاوبکاتەوە و بەردەوام یارمەتی پێشکێش بە حاجییان بکەن.
 
بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش لە شاری مەککەی پیرۆزەوە ئەم فەریزەیە جێبەجێ دەکەن. بۆ هەر ساڵێکیش ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن، لەلایەن سعودیەوە دیاری دەکرێت. هەر موسڵمانێکیش کە تەمەنی گونجاو بێت، ئەگەر لەڕووی تەندروستی و داراییەوە لە توانایدابوو، دەبێت لە تەمەنیدا جارێک حەج بکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2023 کە دەکاتە 7ـی (ذو الحجة)ی 1444ی کۆچی، رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ بە تەوافکردن بە دەوری بەردە رەشەکەی کەعبەی پیرۆز دەستیپێکرد. بەرپرسێک لە وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت: "بۆ ئەمساڵ شایەتیی گەورەترین حەج [لە رووی ژمارەوە] لە مێژوودا دەبین." گوتیشی، ئەمساڵ 1.6 ملیۆن حاجی لە 160 وڵاتی جیهانەوە بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە