ترەمپ دەڵێت، نەتەنیاهوو بەنیازی دانوستاندنە لەگەڵ حەماس

29-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەنیازی دانوستاندنە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی لە کەرتی غەززەن.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، کە لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت شەڕی کەرتی غەززە بە زووترین کات کۆتایی بێت.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتوویەتی، ترەمپ دەیەوێت ماوەی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاگربەستی غەززە کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکاوە ئامادە کراوە، کەم بکرێتەوە.
 
هاوکات، کەناڵی 13ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی باڵای سەربازیی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی حوزەیران، بە بەرپرسە سیاسییەکان رادەگەیێنن کە ئۆپەراسیۆنی زەوینی لە کەرتی غەززە لە سەروبەندی کۆتاییهاتندایە و بەردەوامبوون لەسەری ژیانی بارمتەکان دەخاتە مەترسییەوە.
 
دوێنێ شەممە، هەزاران ئیسرائیلی خۆپێشاندانیان کرد و داوایان لە حکومەت کرد، کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 49 بارمتەیە بکات کە لە غەززەن.
 
ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند، پێی وایە دەکرێت لە هەفتەیەکدا بگەنە ئاگربەست لە غەززە. ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پێی وایە ئاگربەست لە غەززە نزیکە.
 
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە قسەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بابەتی غەززە کردووە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ نەتەنیاهوو و رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل کردووە، تێیدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە "لە دوو هەفتەدا."
 
رۆژنامەی "ئیسرائیل هەیۆم" بڵاویکردەوە، رێککەوتنەکە ئازادکردنی بارمتەکان و گواستنەوەی ئەو سەرکردانەی حەماس کە لە ژیاندا ماون بۆ وڵاتانی دیکە لەخۆدەگرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی گەورەترە، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
 
هەروەها بەگوێرەی رۆژنامەکە، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، ئیسرائیل ئامادەیی دەربڕیوە بۆئەوەی لە داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت بکات، ئەوەش بە مەرجی ئەنجامدانی چاکسازی لەنێو دەسەڵاتی فەلەستین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.