دادگەیەکی ئیسرائیل وادەی گوتە لێوەرگرتنی لە نەتەنیاهوو دواخست

29-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاربوو ئەمڕۆ لە دادگەی قودس-ئۆرشەلیم لەبارەی ژمارەیەک کەیسی گەندەڵییەوە گوتە لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەربگرێت، بەڵام پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە، پارتی لیکود کە پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە بڵاویکردەوە، دادگەکە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی دواخست. 
 
رۆژی یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، وادەی وەرگرتنی گوتە بوو لە بنیامین نەتەنیاهوو لەسەر چەند کەیسێکی گەندەڵی لە دادگەی قودس-ئۆرشەلیم، بەڵام پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە پارتی لیکود بڕیاری دادگەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "دوای ئەو هۆکارانەی کە پێشکێشکران، داواکەمان (داوای دواخستنی دانیشتەنەکە) و ئەو وادەیەی بۆ وەرگرتنی گوتە لە نەتەنیاهوو دیاریکرابوو هەڵوەشێندرایەوە". 
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، پارێزەرێکی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوایەکی پێشکێشی دادگەی ناوچەی ئۆرشەلیم-قودس کرد بۆ ئەوەی بە "هۆکاری ئەمنی" دانیشتنی دادگە بۆ گوتە لێوەرگرتن لە نەتەنیاهوو بۆ 12 رۆژ دوابخەن. 
 
پێرێ دادگەکە رەتیکردەوە داوای پارێزەرەکەی نەتەنیاهوو قبووڵ بکات، بەڵام لە بڕیارەکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت، دوای وەرگرتنی گوتە لە بەرپرسی هەواڵگریی سوپا و سەرۆکی مۆساد بڕیارەکەیان گۆڕی. 
 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە دادگەییکردنی نەتەنیاهوو نووسی "پێویستە دەستبەجێ هەڵبوەشێندرێتەوە یان لێخۆشبوون بۆ ئەو پاڵەوانە مەزنە دەربکرێت". دواتر، نەتەنیاهوو سوپاسی ترەمپی کرد و رەتیکردەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت. 
 
نەتەنیاهوو لەسەر سێ دۆسیە دادگەیی دەکرێت. یەکێکیان وەرگرتنی دیارییە لەلایەن خێزانەکەیەوە بە بڕی 260 هەزار دۆلار لە دەوڵەمەندەکانی وڵاتەکەی. دوو کەیسەکەی دیکەش پەیوەندییان بە داوایەکی نەتەنیاهوو لە دوو میدیای وڵاتەکەی هەیە، کە داوایکردبوو لایەنگیریی زیاتری بکەن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە