رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر داوا لە موسڵمانان دەکات بایکۆتی کاڵای ئەمریکی و ئیسرائیلی بکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە گوایە کڕینی ئەو کاڵایانە خزمەت بە ئیسرائیل دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 29ـی تەممووزی 2024، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتى نیشتمانیى شیعە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوای لە موسڵمانانی عێراق و دەرەوە کرد بایکۆتی هەموو کاڵایەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی بکەن.
سەدر هاشتاگی "#We_ all_boycott"ـی راگەیاندووە کە بە مانای "ئێمە هەموومان بایکۆت دەکەین" دێت.
رێبەری رەوتی نیشتیمانیی شیعە دەشڵێت، "هەموو ئەوانەی بڕوایان بە دۆزی فەلەستین هەیە، هەموو ئەوانەی خۆیان بۆ مرۆڤایەتی تەرخان کردووە، هەموو ئەوانەی دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی غەززەن و ئەوانەش کە تاوانکاری و تیرۆریستی قەوارەی تیرۆریستی زایۆنی و پاڵپشتیکارەکەی رەت دەکەنەوە، دەبێت بایکۆتی هەموو کاڵایەکی زایۆنی و ئەمریکا بکەن".
سەدر دەڵێت، "بایکۆتکردنی ئەو کاڵایانە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق کارێکە کە دەبێتە هۆی رازیکردنی خودا و ویژدانیشمان ئاسوودە دەکات، لەبەر ئەوەی ئێمە موسڵمانین و داکۆکیکاری مرۆڤایەتی و ئاشتین".
سەدر دژی تووندوتیژییە و دەڵێت، هەندێک لایەن تووندووتیژی بەکاردەهێنن و مەبەستیانە عێراق تێکبدەن و دەیانەوێت بەرژەوەندیی تایبەتی لێوە بەدەستبهێنن.
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، موقتەدا سەدر چەندین جار هاوسۆزیی خۆی بۆ فەلەستینییەکان و دژایەتیی خۆی بۆ ئیسرائیل دەبڕیوە و ئەمریکاشی بە یارمەتیدانی ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ