حەماس: نەتەنیاهوو خۆی لە ئاگربەست دەدزێتەوە

29-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات، کە دەیەوێت ئاگربەستی غەززە دوابخات و خۆی لێبکشێنێتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی تەممووزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەوەی لە نێوندگیرەکان گوێمان لێی بوو روونە کە نەتەنیاهوو بە داواکردنی مەرجی نوێ لە ئاگربەستەکە، گەڕاوەتەوە سەر ستراتیژی دواخستن و خۆدزینەوە لە گەیشتن بە ئاگربەست".
 
ئەو راگەیێندراوەی حەماس دوای ئەوە هات، کە نێوەندگیرە میسرییەکان، قەتەرییەکان و ئەمریکییەکان رۆژی شەممە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەگەڵ نێردەی ئیسرائیل کۆبوونەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بە حەماس گەیاند. 
 
پێشتر چەندینجار بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل یەکدیان بە دروستکردنی ئاڵنگاری لەبەردەم ئاگربەستەکە تۆمەتبار کردووە. 
 
تاوەکو ئێستا وردەکاری ئەو گۆڕانکارییە ئاشکرا نەکراوە کە حەماس ئیسرائیلی پێ تۆمەتبار دەکات، بەڵام حەماس ئاماژە بەوە دەکات، "ئیسرائیل بە داواکردنی ئەو گۆڕانکارییانە لە پێشنیازەکە دەیەوێت لە ئاگربەستەکە بکشێتەوە".
 
دوای دەستپێکردنی جەنگەکە، میسر، قەتەر و ئەمریکا وەکو نێوەنگیر لەنێوان هەردوولا هەوڵی راگرتنی جەنگەیان دا. بەڵام تاوەکو ئێستا ئاگربەستی هەمیشەیی رانەگەیێندراوە.
 
رۆژی 31ی ئایاری ئەم ساڵ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیاند. پلانەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت. 
 
قۆناخی یەکەمدا بریتییە لە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی کە تێیدا بارمتە ژن، منداڵ و نەخۆشەکان ئازادبکرێن، "سەدان" زیندانی فەڵەستینی لەلایەن تەلئەڤیڤەوە ئازادبکرێن، سوپای ئیسرائیل لە شارەکان بکشێتەوە و رۆژانەش 600 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە. 
 
لە قۆناخی دووەمدا، جەنگ بە تەواوی کۆتاییبێت، سوپا بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و هەموو ئەو بارمتانەی ماون ئازادبکرێن. 
 
قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە داڕشتنی پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا و دامەزراندنی حکومەتێک لەو بەشەی فەڵەستین کە حەماس هیچ رۆڵێکی تێدا نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەیەک لە بەیرووتی پاتەختی لوبنان، لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل وێران بووە.

حیزبوڵڵا بە بڕی 77 ملیۆن دۆلار قەرەبووی زیانلێکەوتووانی جەنگ دەکاتەوە

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، بزوتنەوەکە 50 ملیۆن دۆلاری داوەتە زیانلێکەوتووانی شەڕی لوبنان و ئیسرائیل. دەشڵێت، قەرەبووەکە بۆ 77 ملیۆن دۆلار زیاد دەکەن.