رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، پێویستە ئیسرائیل غەززە دووبارە داگیر بکاتەوە و نابێت دانوستاندن لەگەڵ حەماس بکات.
رۆژی سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە قودس/ئۆرشەلیم گوتی، "غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئیسرائیل، پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن بەرەو پلانێک بۆ دووبارە نیشتەجێکردنەوەی خەڵک تێیدا هەنگاو بنێین؟"
سمۆتریچ کە هاوکات سەرۆکی پارتی زایۆنیزمی ئایینییشە، پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر هاوکاری مرۆیی بنێردرێتە غەززە، لە حکومەت دەکشێتەوە.
وەزیری ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر سەرەڕای هەموو شتێک هێشتا لە حکومەتدام، رەنگە لەبەر ئەوە بێت کە هۆکاری باشم هەیە بۆ ئەوەی باوەڕم وابێت شتی ئەرێنی خەریکە روودەدەن."
سمۆتریچ باسی کشانەوەکەی ساڵی 2005ـی ئیسرائیل لە غەززە کرد کە تێیدا ئیسرائیل 8 هەزار نیشتەجێی خۆی لە غەززە و سەربازەکانی کشاندەوە.
وەزیری دارایی ئیسرائیل رووی لە خەڵک کرد و گوتی، "کێ دەیتوانی 20 ساڵ لەمەوبەر بیری لەوە بکاتەوە کە غەززە وەک ئێستا دەبێت؟"
سمۆتریچ پێشنیازی ئەوەیشی کرد کە دۆخی ئێستای ناوچەکە لەبارە بۆ گەڕانەوەی ئیسرائیلییەکان بۆ ئەوەی لە غەززە نیشتەجێ بن.
لە کۆبوونەوەیەکدا لە پەرلەمانی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو، پلانێک بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی جوونشین لە غەززە خرایە بەردەم کابینەکەی نەتەنیاهوو.
سمۆتریچ ئەو کاتە گوتی، "ئەمە کردەیی و راستییە. من زۆر گەشبینم. داگیرکردنی غەززە و جێگیرکردنی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دەوڵەتی ئیسرائیل."
هاوکات ئیسحاق ڤاسەرلاوف، وەزیری گەشەپێدانی ئیسرائیل جەختی لە قسەکانی سمۆتریچ کردەوە و گوتی، "ئەمە ئەو باجەیە کە دەبێت تیرۆریستان بیدەن، بە ویستی خوا، بە زووترین کات."
چەندین گرووپی راستڕۆی تووندئاژۆی ئیسرائیلی سبەی چوارشەممە لەژێر دروشمی "20 ساڵ دواتر، دەگەڕێینەوە بۆ کەرتی غەززە" خۆپێشاندان دەکەن، بڕیارە داوا لە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو بکەن کە غەززە بە ئیسرائیل بلکێنێت و جووەکانی تێدا نیشتەجێ بکات.
بزووتنەوەی حەماس وەڵامی گوتەکانی سمۆتریچی دایەوە و لە راگەیێندراوێکدا بە "هەڕەشەیەکی ئاشکرا بۆ بەردەوامبوون لە تاوانەکانی جینۆساید و کۆچی زۆرەملێ دژی گەلەکەمان" ناوی برد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ