رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، ڤیزە بەو بەرپرسانەی فەلەستین نادات کە دەیانەوێت لە کۆبوونەوەکانی مانگی داهاتووی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بن، کە بڕیارە تێیاندا چەند وڵاتێک دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن، دیارترینیان فەرەنسا، کەنەدا و ئوستراڵیان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە پێش کۆبوونەوەکانی داهاتووی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤیزەی ئەندامانی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین و دەسەڵاتی فەلەستینی رەت دەکاتەوە و هەڵی دەوەشێنێتەوە."
ئەمریکا چەندین جار دژایەتیی خۆی بۆ کۆبوونەوەکە و داننان بە دەوڵەتی فەلەستین راگەیاندووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئیدارەی ترەمپ روون و راشکاوە کە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیماندایە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین و دەسەڵاتی فەلەستینی لە بەرامبەر پابەندنەبوونیان بە بەڵێنەکانیان و تێکدانی دەرفەتەکانی ئاشتی، رووبەڕووی بەرپرسیارێتییان بکەینەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەلەستینییەکانی تۆمەتبار کردووە بە دەستپێکردنی "جەنگی دادگەری" کە زاراوەیەکی ترەمپە بۆ گاڵتەکردن بە کێشە یاساییەکانی خۆی، ئەویش بەهۆی پەنابردنیان بۆ دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان و دادگەی نێودەوڵەتیی داد بۆ سکاڵاکردن لەسەر ئیسرائیل.
هەروەها راگەیێندراوەکە دەڵێت، دەبێت دەسەڵاتی فەلەستینی کۆتایی بهێنێت بە "هەوڵەکان بۆ بازدان بەسەر دانوستاندنەکان."
بەپێی رێککەوتنێک، وەک وڵاتی میوانداری نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نابێ ئەمریکا ڤیزەی ئەو بەرپرسانە رەتبکاتەوە کە روو لەو رێکخراوە جیهانییە دەکەن.
وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە بە رێگەدان بە مانەوەی نوێنەرایەتیی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پابەندی رێککەوتنەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ