رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل شاری غەززەی بە "ناوچەیەکی مەترسیداری شەڕە" راگەیاند، ئەوەش پێش هێرشێکی چاوەڕوانکراو بۆ کۆنترۆڵکردنی گەورەترین شار لە کەرتی غەززە، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە جەنگی وێرانکەر.
بۆ کۆتاییهێنان بە هێرش و جەنگە خوێناوییەکەی غەززە، ئیسرائیل لەژێر گوشارێکی زۆری نێوخۆیی و دەرەکیدایە. لە غەززە هیچ کەسێک نییە زیاتر لە جارێک ئاوارە نەبووبێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش قاتوقڕیی راگەیاندووە.
سەرەڕای ئەوانە، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ فراوانکردنی شەڕەکە و دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە ئامادە دەکات.
رۆژی هەینی 29-08-2025 ئەڤیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "چاوەڕێ ناکەین. ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکان و قۆناخە سەرەتاییەکانی هێرشکردنە سەر شاری غەززەمان دەستپێکردووە و ئێستا بە هێزێکی زۆرەوە لە دەوروبەری شارەکەدا ئۆپەراسیۆن دەکەین."
"مردن بەدوامانەوەیە"
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە شاری غەززە دەژین.
نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی رابردوو برسێتی لە غەززە راگەیاند و "رێگریی سیستماتیکی"ی ئیسرائیلی لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بە هۆکار زانی.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەمەودوا شاری غەززە "ناوچەیەکی مەترسیداری شەڕە" و چیدیکە چالاکییە سەربازییەکانیان بۆ ئاسانکردنی دابەشکردنی هاوکارییەکان راناگرن.
رۆژی هەینی، عەبدولکەریم دەماغی تەمەن 64 ساڵ گوتی، بەرەو باشوور دەڕوات و ئەمە پێنجەمین جارە ئاوارە دەبێت.
گوتیشی، "ئەمڕۆ جارێکی دیکە، دەبێت واز لە ماڵ و یادەوەرییەکانم بهێنم، رەنگە باشوور کەمێک لێرە ئارامتر بێت، بەڵام سەلامەت نییە. ترس بەدوامانەوەیە و مردن هەمیشە نزیکە. ئەوەی داوای دەکەین تەنیا بەزەییە. دەمەوێت بە سەربەرزییەوە بمرم."
دۆزینەوەی پاشماوەی دوو بارمتە
ئەدرەعی رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی چڕ دەکاتەوە تاوەکو هەموو بارمتەکانی غەززە دەگەڕێندرێنەوە و حەماس لەڕووی "سەربازی و سیاسییەوە" هەڵدەوەشێندرێتەوە.
سوپای ئیسرائیل هەروەها گوتی، پاشماوەی دوو بارمتەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکدا لە غەززە دۆزیوەتەوە. یەکێکیان ئیلان وایس بوو کە لە هێرشەکەی حەماسدا کوژرابوو و تەرمەکەی برابوو بۆ غەززە.
ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززە رۆژی هەینی رایگەیاند، لانیکەم 40 کەس بەهۆی هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە سەرانسەری غەززە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ